
سه‌رۆكی زانكۆ پێشوازیی له شاندێکی یه‌كێتیی مامۆستایانی کوردستان كرد
پ.ی.د.كامه‌ران یونس محەمەدئەمین، سه‌رۆكی زانكۆی سه‌لاحه‌دین-هه‌ولێر، پێشوازیی کرد له شاندێکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە سەرۆکایەتی مامۆستا ئه‌حمه‌د گه‌رمیانی، سكرتێری یه‌كێتی مامۆستایان و شاندی یاوه‌ری.
لە دیدارەکەدا کە یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و ڕاگری كۆلێژی ئه‌ندازیاری و نوێنه‌ری مامۆستایانی زانکۆمان ئامادەی بوون، سه‌رۆكی زانكۆ سوپاسی یه‌كێتیی مامۆستایانی کوردستانی كرد کە له سه‌رەتای رووداوی كاره‌ساتباری شەهیدکردنی هەردوو مامۆستای زانکۆ، د.کاوان ئیسماعیل و د.ئیدریس حمەخان تا ئێستا خۆیان به‌خاوه‌نی ئه‌م كه‌یسه زانیوه و به‌رپرسیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆسیه‌یه‌دا ده‌كه‌ن.
لە بەرانبەردا سكرتێری یه‌كێتی مامۆستایانی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه كرد هیچ پاساوێك بۆ كوشتنی مامۆستا نییه و پێویسته تاوانباری رووداوەکە به‌سزایی یاسایی خۆی بگات، هه‌وه‌رها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد پێویسته ئێمه خۆمان به خاوه‌نی ئه‌م كه‌یسه بزانین و نه‌هێلێن هیچ كه‌سێك ئه‌م ڕووداوه به‌لاڕێدا ببات.
ته‌وه‌رێكی دیکە دانیشتنه‌كه بریتی بوو له باسكردنی پرسی پارێزبه‌ندی مامۆستایان و لەمبارەیەوە هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویسته په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌م پرسه به گرنگ بزانێت بۆ پاراستنی شكۆی مامۆستا.
لای خۆیەوە سه‌رۆكی زانكۆی سه‌لاحه‌دین-هه‌ولێر، زۆر سوپاسی سکرتێر و مەکتەبی سکرتارییەتی یه‌كێتی مامۆستایانی کوردستانی كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد و گوتی "هه‌وڵ و ماندووبوونتان بۆ ئه‌م كه‌یسه به‌رزده‌نرخێنم و پێکەوە به‌رده‌وام ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موومان كار بكه‌ین بۆ به‌سزاگه‌یاندنی تاوانباری رووداوە".
پ.ی.د.كامه‌ران یونس محەمەدئەمین ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد کە سەرۆکایەتی زانکۆ لە رێگەی پێکهێنانی تیمێكی پارێزهرانەوە کار لەسەر دۆسیەی شەهیدکردنی ئەو دوو مامۆستا لێهاتووەی زانکۆ دەکەن بۆ به‌سزا گه‌یاندنی تاوانبار و ڕێگەگرتن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆرە ڕووداوه.
ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر.