
شاندێكی زانكۆی (جۆن شین)ی تایوانی سەردانی زانكۆی سەلاحەدینی كرد
لە دیوانی سەرۆكایەتی زانكۆی سەلاحەدین، دكتۆر ئەحمەد دزەیی (سەرۆكی زانكۆ) پێشوازی كرد لە شاندێكی زانكۆی جۆن شینی تایوانی، بە سەرۆكایەتی (مومین چان) یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری نێودەوڵەتی.
لە سەرەتای دیدارەكەدا سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین باسی لە پێشگە و پێكهاتەی زانكۆی سەلاحەدین كرد كە وەك چۆن دێرینترین زانكۆی هەرێمی كوردستانە، لە هەمان كات تا ئێستا لە پێشەنگی زانكۆكانی كوردستانە و لەسەر ئاستی عێراقیش لە پێشەنگەكانە، هەروەها لە بواری نێودەوڵەتیش پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لە چەندین ریزبەندی جیهانی بە هەزاران پلە هاتۆتە پێشەوە لە ماوەیەكی نمونەییدا، ئەمەش بەرهەمی هەوڵ و ماندووبونی ستافێكی زانستی و ئەكادیمی گەورە. پاشان سەرۆكی زانكۆ تیشكی خستە سەر پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانی زانكۆی سەلاحەدین و ئەو پرۆگرامە نێودەوڵەتیانەی چەند ساڵیكە پەرەیان پێداوە.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆكی شاندی میوان باسی لە گرنگی بنیاتنانی پەیوەندی نێودەوڵەتی كرد بۆ زانكۆكان، بۆ ئەوەی ببێتە دەروازەیەك بۆ بەرەو پێشچوونی زانكۆكان. لەم چوارچێوەیەدا ئێمە پەیوەندیەكی فراوانمان هەیە لەگەڵ زانكۆ پێشكەوتووەكان، چونكە بۆ زانكۆكانی تایوان ئەم پەیوەندیانە زۆر گرنگن. پاشان باسی لە گرنگی بنیاتنانی پەیوەندی كرد لەگەڵ زانكۆی سەلاحەدین وەك دەروازەیەكی نوێ بۆ پەیوەندیەكان لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەراست. شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربری بۆ ئەو دەرفەتە و ئەوەیان پێشنیار كرد كە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ زانكۆی سەلاحەدین ببەنە قۆناغێكی تازە. هەروەها شاندی میوان ئەوەشیان دووپاتكردەوە كە ئارەزووی ئامادەكردنی كتێبێكن لەسەر هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە چەندین زانیاری ووردیان كۆكردەوە.
شاندی میوان بە یاوەری راگری كۆلێژی زانست، سەردانی ئەم كۆلێژەیان كرد و سیمینارێكی تایبەتیان پێشكەش كرد لەسەر رەوتی بەرەوپێشچوونی زانست لە تایوان كە زانكۆكان بۆ ئەم مەبەستە كارێكی زۆریان كردووە. هەر لەم سیمینارەدا تیشكیان خستە سەرشێوازی خوێندن لە زانكۆكانی تایوان و چۆنیەتی وەرگرتنی قوتابیان و شێوازی ئەنجامدانی توێژینەوەو رێگاكانی ناردنە دەرەوەی قوتابیان.
لە بەشێكی دیكەی سەردانەكەیاندان شاندی زانكۆ جۆن شین ی تایوانی، سەردانی كۆلێژی زانستە سیاسیەكانیان كرد و لەلایەن راگر و مامۆستایانی كۆلێژ پێشوازیان لێكرا. پاشان سیمینارێكیان پێشكەش كرد سەبارەت بە خاڵە هاوبەش و جیاوازەكانی نێوان پەیوەندیەكانی چین و تایوان لەگەڵ پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدا. لەم سیمینارەدا مومین چان تیشكی خستە سەر مێژووی ئەو پەیوەندیانە، ئەوەی دركاند كە راستە جیاوازی كەلتوری لەنێوان چین و تایوان نییە، بەڵام جیاوازیەكە لەسەر ئاستی سیستەمی سیاسی و شێوازی حوكمرانییە، بۆیە كاركردن بە ئاراستەی سەربەخۆیی قورسترە لە كاركردنی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی كە كەلتورێكی جیاوازیان هەیەوبەرامبەرەكەیان كیانێكی سەقامگیر و زیرەك نییە.