
شاندی زانکۆکانى کوردستان لە سیمینارى چاککردنەوەى ریزبەندى زانکۆکان
بە چاودێرى وەزیرى رۆشنبیریى ئوردن و لەسەر بانگهێشتى رێکخراوى زانیاریى و یەکێتى زانکۆکانى عەرەبى و زانکۆى ئوردن، شاندێکى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، کە پێکهاتبوو لە پ.د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین، بە یاوەرى نوێنەرانى زانکۆکانى سلێمانى و دهۆک و ئامادە بوونى سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى هەردوو زانکۆى ئیشک و بەیان، بەشدارییان لە چەند سیمینارێکدا کرد، لە مەڕ چاککردنى ریز بەندى زانکۆکانى عەرەبى لە شارى ئوردن و گرنگى بڵاوکردنەوەى توێژینەوە زانستییەکان لە گۆڤارە ناودارە زانستییەکانى جیهان . لە دیدارەکەدا دواى خوێندنەوەى وتارى سامى خەزنەدار لە یەکێتى زانکۆکانى عەەرەبى و بەڕێوەبەرى سەنتەرى ئەسکوا بۆ تەکنەلۆژیاو بەڕێوەبەرى نووسینگەى یۆنسکۆ ،باس لەو فاکتەرانە کرا کە دەبنە بنەماى بە تین کردنى پێشبڕکێ لەنێوان زانکۆکانى عەرەبى . دواتر بەرپرسى رێکخراوى QS ى جیهانیى (د. مارتن ئینس) لە وتارێکدا باسى لەو فاکتەرانە کرد کە دەبنە هۆکار بۆ خۆ ئامادەکردنى زانکۆکان بۆ ریزبەندى QSى جیهانیى و ئەو خاڵە گرنگانەى یاریدەى پێشکەوتنى زانکۆکان دەدات بەرەو ئەنجامى سەرکەوتوو. لە بەشدارى بوونێکا د. ئەحمەد سەرۆکى زانکۆ، ئاماژەى بەو سەرکەوتنانە کرد کە زانکۆى سەلاحەدین و زانکۆى سلێمانى لەریزبەندى ئەو رێکخراوە جیهانیەدا بە دەستیان هێناوە، هەر بەو بۆنەیەشەوە سەرۆکى زانکۆ، بنگهێشتى بەرپرسى ئەو رێکخراوەى کرد بۆ کوردستان، بە ئامانجى سوود وەرگرتنى زانکۆکانى کوردستان لە رینمایى و ئەزموونە زانستیەکانى ئەو رێکخراوە لە ریزبەندە جیهانییەکاندا.