
پ.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین لەگەڵ شاندى پەیمانگای رۆژهەڵاتناسی – مۆسکۆ
لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدین دکتۆر ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە شاندێکی پەیمانگای رۆژهەڵاتناسی – مۆسکۆ کرد کە پێکهاتبوون لە یوری داسنی سەرۆکی بەشی یزیدی لە پەیمانگا و کیریل ڤێرتیلیڤ سەرۆکی بەشی کوردی، لانە مەجیدەڤنە پسپۆری مێژوویی رۆژهەڵات و داریا ژیگولسکایە پسپۆری مێژوویی رۆژهەڵات و دانەر ئەبوبەکر لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مۆسکۆ.
لە دیدارەکەدا بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و ستافێک لە مامۆستایانی زانکۆ، سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و هەوڵ و چالاکییەکانی پەیمانگای رۆژهەڵاتناسی – مۆسکۆ بەرزنرخاند و و چەندین مامۆستای زانکۆمان ئەزموونی زانستیان لێ وەرگرتوە. لەلایەکی دیکەوە وڵاتی روسیا و کوردستان مێژووی هاوبەشیان هەیە، بەتایبەتی لەو کاتەی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی ڕوویان لە رووسیا کرد. بەشێکی زۆریان بە ئەزموونی زانستی گەڕانەوە کوردستان. هەروەها لە دوای راپەڕینەوە رووسیا هاوکار بووە لە بونیادنانەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی لە هەرێمی کوردستان و چەندین قوتابی کورد روویان لەم وڵاتە کرد و درێژەیان بە خوێندنی باڵا دا. هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی زانکۆ ئامادەیی زانکۆی دەربری بۆ هەر جۆرە پاڵپشتیەکی زانستی و دروستکردنی پەیوەندی ئەکادیمی لە نێوان زانکۆ و پەیمانگای ناوبراو لە رێگەی ئەنجامدانی توێژینەوە و کۆنفرانسی زانسی هاوبەش و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونی زانستی لەگەڵ یەکتردا.
لە بەرامبەردا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بۆ سەردانی زانکۆی سەلاحەدین دەربڕی و پاڵشتی سەرۆکی زانکۆیان بەرزنرخاند و ئامانجی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان روون کردەوە کە مەبەستیانە چەندین توێژینەوە زانستی لەسەر پێکهاتە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن. لەلایەکی دیکەوە ئامانجی بەشی کوردی لە پەیمانگای رۆژهەڵاتناسی – مۆسکۆیان بۆ سەرۆکی زانکۆ روونکردەوە کە مەبەستیانە لەم رێگەیەوە زمانی کوردی فێر ئارەزوومەندانی رووسی بکەن و یان ئەوانەی دەیانەوێت پەرە بە زمانی کوردی بدەن، هەروەها لە رێگەی سازدانی چەندین توێژینەوەی زانستی لەسەر کورد، مەبەستیانە توێژینەوە لەسەر مێژووی کورد و چارەسەرکردنی کێشەوگرفتەکانی بکەن.