
بە درێژایی مێژوو چەندین ڤایرۆس بوونەتە ھەڕەشە لەسەر مرۆڤایەتی.. لەو ڤایرۆسانەی وەکو ئایدز و ھەوکردنی جگەر و فلۆی ئیسپانی، تەنھا توانراوە ھەندێک ڤایرۆسی کەم بە نمونە ڤایرۆسی گەڕبوون small pox بە دروست کردنی ڤاکسین لەناو ببرێت و کۆتایی پێ بێت.. تەنانەت بەکتریای وەکو بەکتریای سیلیش پاش کۆنترۆل کردنی ترسی ئەوە ھەیە جارێکی تر سەرھەلبداتەوە.. لەم بوارانەی سەرەوە ئێمە چەندین توێژینەوەمان کردووە و لە کوردستان دوای ئەوەی زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە تێکەڵی خەلک بوون ترسی بلاوبوونەوەی نەخۆشی کوشندە ھەبوو، بەردەوام ترسی دووبارە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا و سیل ھەیە.
بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.. ئەم ھاوکێشەیە راستە، جارێ پێش ھەموو شتێک تێرمی شەپۆلی دووەم تێرمێکی ھەڵەیە،، چونکە پێدەچێت ئەو ڤایرۆسە لەگەل مرۆڤدا بەردەوام بێت و لەگەڵمان دەژیێت، ھەروەکو ڤایرۆسەکانی تری باسمان کرد.. ئەمە بەواتای ئەوەی شەپۆلەکانی بڵاوبوونەوەی پەتاکە بەردەوام دەبێت بە سێیەم و چوارەم و تا ئەو کاتەی بە دەرمان چارەسەریەک بۆ نیشانەکانی دەدۆزرێتەوە یان پێکوتەی بۆ دروست دەکرێت بەلام ئەمە کاتی زۆری پێویستە.
یەکێک لە ھۆکارەکانی سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستان بەسەر دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی یەکەمی ڤایرۆسەکە، رێکارە دەستبەجێ توندەکانی لێک دوورکەوتنەوە و جیاکردنەوەی کۆمەڵایەتی بوو.. ئەو رێکارانە زەمینەی بلاوبوونەوەی خێرای بۆ ڤایرۆسەکە نەھێشت.. لە زانستی ڤایرۆس و بەرگریدا کاتێک خانەخوێ و نەخۆش ژمارەیان بە ھەزاران بێت توندی نیشانەکان و دڕندەیی ڤایرۆسەکە زیاد دەبێت.. لە کوردستان لەبەر کەمی ژمارەی تووشبووان بە ھۆی رێکارەکان و کەمی بەرکەوتن، ژمارەی نەخۆشەکان کەم بوون و ھێزی ڤایرۆسەکە لاواز بوو.. کاتێک ڤایرۆسێک لە نێو لەشی ١٠٠٠٠ کەس ئالوگۆر دەبێت، چانسی خۆ گۆرین و دڕندایەتی ١٠٠ ئەوەندەی ئەو کاتەیە کە تەنھا ١٠٠ کەس تووش دەبێت.. بۆیە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان سووک و بێ نیشانە بوو..
ئێستا لە سەرگەرمی ھەڵگرتنی ڕێکارەکان لە لایەک و توند کردنەوەی لە لایەکی تر خەلکی کوردستان دڵە راوکێی ھەیە و بێ متمانەیی دروست بووە لەبەر چەند ھۆکارێک:
- دەرفەت نەدان بە زانایان و توێژەران بە ئەنجامدانی توێژینەوە و دەرخستنی راستیەکان سەبارەت بە ڤایرۆسەکە بۆ کۆمەڵگا بە پێی لێکدانەوەی زانستی و دەرەنجامی دروست و باوەڕپێکراو... بڕیارەکان زیاتر میزاجی و توڕەبوون و کاردانەوەییە.
- بێ متمانەیی ھاوڵاتیان وایکردووە ڕێکارە تەندروستیەکان نەگرنە بەر و گوێ بە مەترسی دووبارە بلاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە نەدەن و ھیچ جۆرە خۆپارێزیەک ئەنجام نەدەن.
- ڕاگەیاندنەکان بە ھەمان شێوە ڕۆلێکی خراپ دەگێرن لە زیادکردنی دڵە ڕاوکێ و ترس و بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست و بێ سەرچاوە لە لایەن کەسانی نا پسپۆر و ناشارەزا.
چارەسەر
- ھەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوو و ئێستاشدا لە سیاسەتی تەندروستی و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیەکان ھیچ گرنگیەک بە توێژینەوە نادات.. بەمەش راستیەکان دەرناکەون.. چونکە لە ھەموو دونیای زانست و پزیشکیدا تەنھا توێژینەوەی زانستی دەتوانێت ڕاستیەکان دەرخات.. ئەوەی تر ھەمووی ئیجتیھادی کەسی و میزاج و کاردانەوەیە. دەبێ لەو بودجانەی تەرخان دەکرێت بۆ تەندروستی بەشێکی بۆ توێژینەوە و پەرەپێدان بێت.
- پابەند کردنی ھاوڵاتیان بە رێنمایی تەندروستی و جێ بەجێ کردنی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کاتی ھاتنە دەرەوەیان وەکو بەستانی دەمامک و بەکارھێنانی دەست کێش... جگە لەوەش ھۆشیار کردنەوەی ھاووڵاتیان بەوەی شێوازی ژیانیان بگۆرن و ھەوڵ بدەن لە کاتی زۆر پێویست نەبێت نەیەنە دەرەوە و بازنەی پەیوەندیەکان و بەرکەوتنەکانیان زۆر سنووردار بکەن، بۆ ئەوەی ئەگەر ھاتوو حالەتی نوێش ھەبوو بە ئاسانی ئەو بازنەیە کەرەنتین بکرێن و جیابکرێنەوە.
- ئاراستە کردنی ڕاگەیاندنەکان بە گەیاندنی پەیامی ئارام کردنەوە و زانستی وپرۆگرامی ئینتەرتەین و دلخۆشی بۆ خەلکی لە کاتی کەرەنتین و ماڵەوە لە جیاتی ھەواڵی بەپەلە و ھەنووکە و نھا و پڕ لە ترس و شلەژان.
پ.ی.د. کارزان محمد
بەرێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوە
سەرۆکی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا
زانکۆی سەلاحەددین-ھەولێر
هەموو ئەو باسانەی لێرەدا خراوەتە روو بۆچوونی نووسەرە، زانکۆی سەلاحەدین لێی بەرپرس نییە