
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لەگەڵ چەند زانکۆیەکی وڵاتی تورکیا
لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدین، سەرۆکی زانکۆ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد دزەیی پێشوازی کرد لە دوو شاندی کە لە چەند زانکۆیەکی وڵاتی تورکیا و ئوردن پێکهاتبوون.
لە دیدارێکدا سەرۆکی زانکۆ پێشوازی کرد لە پرۆفیسۆر دکتۆر محمد خەیر ئەلخەبانی سەرۆکی یەکێتی زانکۆکانی جیهان و شاندی یاوەری لە زانکۆی جەدارەی ئوردنی. لە دیدارەکەدا وێرای جەخت کردنەوە لەسەر دروست کردنی پەیوەندی پتەو لە نێوان زانکۆکان، لە هەمان کات ئەوە دوپات کرایەوە کە پێویستە لە داهاتوودا چەندین چالاکی زانستی هاوبەش لەنێوانیان ئەنجام بدرێت لە وڵاتی ئوردن بە تایبەت لەرووی سازکردنی چەند کۆنفرانسێکی زانستی سەبارەت بەو بابەتە زانستیانەی شوێنی گرنگیدانی هەردوو زانکۆیە. لای خۆیانەوە شاندی میوان ئامادەیی خۆیان دەربری بۆ ئەنجامدانی هەر کارێکی هاوبەش لەگەڵ زانکۆی سەلاحەدین.
لە بەشێکی دیکەى دیدارەکاندا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین پێشوازی کرد لە شاندێکی تایبەتی زانکۆکانی تورکیا کە پێکهاتبوون لە زانکۆی کەرەبوک و زانکۆی حەڕام. لەم دیدارەشدا سەرۆکی زانکۆ باسی لە گرنگی پەیوەندیەکان کردەوە لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتی تورکیا، هەروەها باسی لەو رێکەوتنانەش کرد کە لە ماوەی رابردوو لەگەڵ زانکۆ تورکیەکان واژۆی کردووە، شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربری بە بەرەوپێشچوونی زیاتری پەیوەندیەکانیان لەگەڵ زانکۆی سەلاحەدین کە خاوەن سەرمایەکی مرۆیی گەورەیە لەبوارە زانستیەکاندا.