ئەمڕۆ رێككەوتی 13ی 5ی 2025 لەسەرەتای بەرێوەچوونی ئیڤێنتی ڕماندنی بەربەستەکانی بەردەم داهێنان، "پ.ی.د. كامەران یونس محمدامین" سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین وتارێكی پێشكەشكرد و لەمیانی وتارەكەیدا پاڵپشتی بۆ قوتابیانی داهێنەر ڕاگەیاند، كە ئەمە دەقیقی وتارەكە:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
مێوانە بەڕێزەکان،
مامۆستایان و قوتابیانی خۆشەویست،
ئامادەبوانی بەرێز،
بەیانیتان باش.
بە ناوی ئەنجوومەنی زانکۆی سەڵاحەدین بەخێرهاتنتان دەکەم، خۆشحاڵین كە زانكۆمان بۆ ساڵی دووەم هاوبەشی زانستی ئەم چالاکیە جیهانیەیە، لە ژێرناونیشانی ڕماندنی بەربەستەكانی بەردەم داهێنان (Falling Walls Lab).
بەرێزان .. ئەمڕۆ لێرە کۆبوونەتەوە، بۆئەوەی شاهیدی بیرۆکەی داهێنەرانە بین؛ بێ گومان ئەوەش بەڵگەیە لەسەر توانای قوتابیان و لاوانی هەرێمەكەمان، كە جێگەی خۆیەتی پیرۆزبایی لەو قوتابی و لاوانە بكەین، كە بیرۆكەیان پەسەندكراوە و ئەمڕۆ لەسەر ئەم سەكۆیە پێشكەشی دەكەن.
داهێنان ئەو هێزەیە خەونەکان دەکاتە واقیع و بیرۆکەکان دەكاتە چارەسەر، مایەی شانازیە كە لە ئێستەدا زانكۆی سەلاحەدین خاوەن زۆرترین قوتابی و دەرچووی خاوەن داهێنان و بیرۆكەی نوێیە. قوتابیان و لاوانی بەشدار لەبیرتان بێت كە هەموو داهێنانێک وەک بیرۆکەیەکی سادە دەستی پێکردووە. بۆیە بیرۆکەکانتان چەند گەورە یان بچووک بن، هێزی گۆڕینیان هەیە، نەک تەنها بۆ خۆتان بەڵکو بۆ نەوەکانی داهاتووش، لە ڕوانگەی گرنگیدان بە بیرۆكەی داهێنەران و پاڵپشتی كردنی هەموو ئەو قوتابیانەی خاوەن بیرۆكەی داهێنەرانە لە زانكۆی سەلاحەدین لێژنەیەكمان بە بەشداری بەرێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی كار (CDC) پێكهێناوە تاكوو بتوانین قوتابیانی داهێنەر لە زانكۆمان كۆبكەینەوە و پاڵپشتیان بكەین.
لەكۆتایدا، دەستخۆشی لە رێكخەرانی ئەم چالاكیە دەكەم و دەمەوێت سوپاسی هاوبەش و سپۆنسەرەكانمان بكەم لەوانەش (كوردستان فاوندەیشن، گڕۆفین، ئۆرنج كۆرنەرز، بانكی جیهان، دەزگای خێرخوازی حاجی ئیدریس سورچی، و ملتی میدیا ئەیجنسی)، هەمووتان سەركەوتووبن.
پ.ی.د. كامەران یونس محمدئەمین
سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین