
سەرۆکی زانکۆ پیرۆزبایینامەیەک ئاڕاستەی مامۆستایان دەکات
بە بۆنەی ئەوەی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر، لە ڕیزبەندی گۆڤاری(Web of Science)
نێودەوڵەتی، لە نێو زانکۆ عێراقی و کوردستانییەکاندا، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، پرۆفسیۆر دکتۆر جەوهەر فەتاح سەعید، پیرۆزبایینامەیەک ئاڕاستەی مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر دەکات، ئەمەش دەقی پیرۆزبایینامەکەیە.
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
مامۆستایانی دڵسۆز..
توێژەرانی ئازیز...
بەناوی خۆم و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر، بە بۆنەی ئەوەی زانکۆمان وەک دێرینترین زانکۆی هەرێمی کوردستان، لە ڕیزبەندی گۆڤاری(Web of Science)ی نێودەوڵەتی، لە نێو زانکۆکانی عێراق و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی عێراقدا، پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، پیرۆزبایی لە خۆمان و تەواوی مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆمان دەکەم، لە هەمان کاتدا دەستخۆشی لە یەکە یەکەی مامۆستایان دەکەم، کە هەوڵی لێبڕاوانەیان داوە، بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لە ماوەی (٥) ساڵی رابردوودا، بەرهەمی سایتەیشنی توێژینەوە کاریگەرەکانی ئەوانیش وایکردووە، هەموومان بەیەکەوە سەربەرزبین و شانازی بەو ئاستە بەرزە بکەین و لە ریزی هەرە پێشەوەی زانکۆ عێراقی و کوردستانییەکان بین، دڵنیاشین هەمیشە مامۆستا تێکۆشەرو دڵسۆزو زانستخوازە ئەکادیمییە رەسەنەکانی زانکۆمان، شەوو رۆژ دەخەنەسەر یەک بۆ بەردەوامیدان بەو پڕۆسەیە تا زانکۆمان هەردەم لە پێشەنگی زانکۆکاندابێت.
جارێکی تر پیرۆزە لە زانکۆمان، لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی، لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەموو مامۆستایەکی زانکۆمان.
پ.د.جوهر فتاح سعید
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر
٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢