
سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین لە کردنەوەی سەنتەرى تۆمارکردنى وانەکان لەرێگەى ئینتەرنێتەوە
بەئامادەبوونى پ.د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین و یاریدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و یاریدەرى سەرۆکى بۆ کاروبارى قوتابیان لەسەنتەرى توێژینەوەى زانکۆى سەلاحەددین، سەنتەرى تۆمارکردنى وانەکان لەرێگەى ئینتەرنێتەوە کرایەوە، هاوکات ئەمەش لەپاش ئەوە دێ کمە شاندێکى باڵاى پرۆگرامى ئیراسمۆس پلاس جیۆنتیک سەردانى زانکۆى سەلاحەددینیان کرد، ئەمەو لەسەرەتادا سەرۆکى زانکۆ گرنگى ئەم پرۆژە و پرۆگرامەى خستە روو بۆ زیاتر برەودان بەزانست لە زانکۆى سەلاحەددین و خزمەتکردنى قوتابى بەچەندین شێوازى پێشکەوتوو، جەختى لەوە کردەوە هەموو هەنگاوەنگان بۆ ئەوەیە بتواندرێ خوێندن لەئاستێکى بەرزدابێ وەک کرددنەوەى ئەم سەنتەرە بۆ تومارکردنى وانەکان لەرێگەى ئینتەرنێتەوە.
لەپاشاندا شاندى سەرۆکى شاندى باڵاى پرۆگرامى ئیراسمۆس پلاس وتەیەکى پێشکەشکرد و تیایدا باسى لەوە کرد کە کردنەوەى ئەم سەنتەرە هاوشێوەى ئەو سەنتەرانەن کە لە ئیران و ئۆکرانیا و زۆر وڵاتانى دیکەدا بوونیان هەیە دیارە ئەم هەنگاوەش رەوڕەوەى پێشکەوتن خێراتر دەکات تا قوتابى لەرێگەى ئینتەرنێتەوە بتوانێ هەموو وانەکان سەیر بکات.
هاوکات د.محەمەد عەزیز بەرپرسى ئیراسمۆس پلاس لەزانکۆى سەلاحەددین باسى لەوە کرد کە هەنگاوێکمى پێشکەوتووانەیە و لەم رێگەیەوە قوتابى دەتوانێ بەناو و وشەى تێپەر بچێتە نێو وانەکان، وەک نموونەش ئەگەر قوتابییەکیش نەچووبێتە وانەکەیەوە ئەوا دەتوانێ لەرێگەى سەنتەرى تۆمارکردنەوە هەموو وانەکە وەربگرێ و لەپاشاندا سوودى لێ وەربگرێ.
ئەوەى شیاوى باسە ژمارەیەک لەراگرەکانى کۆلیژەکانى زانکۆى سولاحەددین، لەتەک ژمارەیەکى بەرچاو لەمامۆستایان ئامادەى کردنەوەى ئەو سەنتەرە بوون.