
رێکار و ڕێنماییەکان بۆ دابینکردن و بەکرێگرتنی هۆڵەکانی سەنتەری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەڵاحەدین
دوای نۆژەنکردنەوەی سەنتەر و خەرجکردنی بودجەیەکی شایستە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئێستا سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆ بەسەرجەم هۆڵەکان و بەشەکانیەوە ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە زانسخوازان و ڕۆشنبیران و سەرجەم مامۆستا و قوتابییانی زانکۆ بەبێ جیاوازی.
بۆ ڕێکخستنی کارەکانی ناو سەنتەری ڕۆشنبیری و بێبەشنەبوون لە خزمەتگوزاری و هۆڵەکانی ناو سەنتەر، داوا لەسەرجەم کۆلێژ و بەڕێوەبەراتییەکانی سەر بە زانکۆی سەلاحەدین و سەرجەم دامەزراوەکانی دەرەوەی زانکۆ دەکەین، کە هاوکارمانبن و ئاگاداری ئەم ڕێنماییانەی خوارەوەبن، چونکە لە ئێستادا پەیکەری کارگێڕی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی سەنتەر دروستکراوە، هەروەها و ڕێنمایی دارایی نوێ بۆ دابینکردنی هۆڵەکانی سەنتەر لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دەرکراوە.
بۆ ئەنجامدانی هەرچالاکیەک تکایە ڕەچاوی ئەم ڕێنمایی و ڕێکارانەی خوارەوە بکەن:
یەکەم: رێکار و ڕێنماییەکان بۆ دابینکردنی هۆڵ بۆ کۆلێژ و بەڕێوەبرایەتیەکانی سەربەزانکۆی سەڵاحەدین:
١- سەبارەت بە کۆلێژ و بەڕێوەبەرایەتیەکانی سەر بەزانکۆمان، دابینکردنی هۆڵەکان بۆ چالاکیەکانیان بەپێی خشتەی چالاکی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤_٢٠٢٥ دەبێت، بەمەرجێک خشتەی چالاکیەکانیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدینەوە پەسەندکرابێت، ئەو کاتە سەنتەر بەبێ فۆرم و ڕەزامەندی سەرۆکایەتی زانکۆ، ڕۆژی چالاکیەکانیان بۆ جێگیر دەکات و هۆڵیان بۆ ماوەی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ بۆ دابین دەکات. بۆ ئەم مەبەستە داوا لەسەرجەم کۆلیژەکان کراوە خشتەی چالاکیەکانتان بنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری تا خشتەیەکی یەکگرتووی چالاکی دروست بکات و سەرنتەرمان لەسەر ئەو خشتەیە ڕۆژەکان دابین دەکات، بۆ ئەوەی ڕۆژی ئەنجامدانی چالاکیەکان تێکەڵ نەبێت و بەشێک لە کۆڵێژەکان بێ بەشبن لە ئەنجامدانی چالاکیەکانیان بەشێوەیەکی شایستە.
٢- هەر چالاکیەکی تر لە دەرەوەی خشتەی ساڵانە ئەنجام بدرێت لەناو سەنتەری ڕۆشنبیری، دەبێت (١٠) دە ڕۆژ زووتر، سەردانی سەنتەری ڕۆشنبیری بکرێت و سەرەتا ڕەزامەندی لەسەنتەری ڕۆشنبیری وەربگیرێت، و فۆڕمی زانیاری پڕدەکرێتەوە، کە تیایدا جۆری چالاکی و جۆری هۆڵ دیاری دەکرێت، لەگەڵ بەروار و کاتی ئەنجامدانی چالاکیەکە، پاشان فۆرمەکە بۆ سەرۆکایەتی زانکۆ دەچێت بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی کۆتایی، وەگەڕاندنەوەی بۆ سەنتەری ڕۆشنبیری و دەرکردنی فەرمانی کارگێڕی.
دووەم: رێکار و ڕێنماییەکان بۆ دابینکردنی هۆڵ بۆ دامەزراوەکانی دەرەوەی زانکۆی سەڵاحەدین (سەربە وەزارەتی خوێندنی باڵا و دەرەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا):
سەبارەت بە دامەزراوەکانی دەرەوەی زانکۆی سەڵاحەدین، سەرجەم هۆڵەکان بە کرێی تایبەت و دیاریکراو دابین دەکرێت، کە ڕاستەوخۆ سەردانی سەنتەری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆ دەکەن بۆ ئەنجامدانی ڕێکارەکان، کە بریتیە لە پڕکردنەوەی فۆڕمی زانیاری و ڕەزامەندی لە سەنتەری ڕۆشنبیری، پاشان بردنی فۆرمەکە بۆ سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین بۆ بڕینی پسوولەیەک لە یەکەی ژمێریاری سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدین، بۆ ئەو هۆڵەی دەیانەوێ دابین بکرێ تا رێپێدراو بیت بۆ وەرگرتنی هۆڵەکە.
هۆڵەکانی سەنتەر پێکدێت لە:
١- هۆڵی کۆچەر بیرکار جێگای(٣٤٠)کەس دەگرێت بۆ کۆنفڕانس و سیمپۆزیۆم و چالاکی گەورە تەواو گونجاوە، بە تەواوی پێداویستی دەنگی و ڕوناکی و شاشەی مۆدێرن.
٢- هۆڵی سمینار ( ١ ) جێگای (١٠٠) کەس دەگرێت و بە پێداویستی دەنگ و شاشەی سمارت بۆ تاوتوێی ماستەر و دکتۆرا تەواو گونجاو و سەردەمیانەیە.
٣-هۆڵی سمینار ( ٢ ) جێگای( ٢٥ )کەس دەگرێت بە پێداویستی دەنگ و شاشەی سمارت.
٤- هۆڵی سمینار (٣ ) بۆ وۆرکشۆپ و سمینار جێگای (٣٥)کەس دەگرێت ، بەتەواوی پێداویستی دەنگ و شاشەی سمارت.
٥- هۆڵەکانی زانستخواز و کتێبخانە و یەکەی وەرزشی لە ئایندەیەکی نزیک دەکرێتەوە.
تێبینی: دابینکردنی خزمەتگوزاری لە ئەستۆی ئەو لایەن و دامەزراوەدایە کە چالاکیەکە ئەنجام دەدات.