
قوتابیانی زانكۆی سەلاحەدین لە پێشبركێیەكی هواوی پلەكانی یەكەمیان بەدەست هێنا
قوتابیانی زانكۆی سەلاحەدین جگە لە پێشەنگ بوونیان لە بواری خۆیان، لە پێشبركێ و بۆنە گشتیەكان چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چ لەسەر ئاستی عیراق ویانیش لەسەر ئاستی جیهانی چەندین جار براوەی یەكەم بوونە. لە پێشبركێیەكی تایبەتدا كە كۆمپانیای هواوی چینی رێكیخستبوو لەسەر ئاستی هەموو عیراق لەبواری كۆمپیوتەر و ئای تی، كە سەرجەم زانكۆكانی عیراق و هەرێمی كوردستان قوتابیان بەشداریان لەو پێشبركێیە كرد. لە دەرەنجامی پێشبركێكە قوتابیانی زانكۆی سەلاحەدین توانیان پلەكانی یەكەم بەدەستبێنن. بە تابیەتی قوتابیانی بەشی كۆمپیوتەری كۆلێژی زانستی زانكۆی سەلاحەدین.
لە مەراسیمێكی تایبەتدا كە پارێزگاری هەولێر و كونسلی چین تێیدا ئامادەبوون، قوتابیە یەكەمەكانی بەشداربوو لەم كێبكرێیە خەڵات كران. لە مەراسیمەكەدا سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین ووتارێكی پێشكەش كرد كە تێیدا ئاماژەی بەوە كرد كە زانكۆی سەلاحەدین شانازی بەو قوتابیانە دەكات كە لە یەكێك لە گرنگترین پێشبركێ نێودەوڵەتیەكانی بواری ئای تی توانیویانە یەكەمی سەر ئاستی عیراق و لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراستیش پلەیەكی زۆر باش بەدەست بێنن. هەروەها سەرۆكی زانكۆ ئەوەی دوپات كردەوە كە قوتابیانی زانكۆی سەلاحەدین لە ئاستێكی بەرزدان و توانای ئەوەیان هەیە لە كیبركێ نێودەوڵەتیەكان پلەی زۆر باش بەدەست بێنن.
پاشان نوێنەری ئەكادیمیای كۆمپانیای هواوی لە میانەی پێشكەشكردنی بابەتێكی تایبەت بەو پێشبركێیە، ستایشی ئاست بەرزی قوتابیانی زانكۆی سەلاحەدین و كرد و ئەوەی پێ راگەیاندن كە ئەو قوتابیانە توانای ئەوەیان هەیە لە كۆمپانیا گەورەكان كاربكەن و خزمەتێكی زۆر بە بواری ئای تی بكەن.
لە پەراوێزی ئەم بۆنەیەدا، زانكۆی سەلاحەدین و كۆمپانیای هواوی چینین رێكەوتننامەیەكی ئەكادیمیان واژۆ كرد، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانن بەیەكەوە چەندین چالاكی زانستی لەواری كۆمپیوتەر و ئایتیدا بەرێوە ببەن، لەم بارەیەوە كۆمپانیای چینی ئەوەی دوپات كردەوە كە بۆ ئەوان گرنگە رێكەوتنێكی لەم شێوەیە لەگەڵ زانكۆیەكی بەتوانای خاوەن سەرمایەی مرۆیی گەورە واژۆ بكەن.
كۆمپانیای هواوی چینی لە رێگەی ئەكادیمیای هواوی، ساڵانە كێبكرێییەكی نێودەوڵەتی تایبەت بە بواری ئای تی بۆ زانكۆكان رێكدەخات، لەم ساڵدا قوتابیانی زانكۆی سەلاحەدین لە كۆلێژی زانست توانیان لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان یەكەم بن، پاشانیش لە قۆناغی دووەمدا توانیان لەسەر زانكۆكانی عیراقیش یەكەم بن و خەڵاتێكی تایبەت وەربگرن لەلایەن كۆمپانیای هواویەوە. پاشان لەسەر بنەمای ئەو دەرەنجامە، قوتابیانی زانكۆی سەلاحەدین بە یاوەری مامۆستایەكی زانكۆ و بە نوێنەرایەتی شاندی عیراق، لە هەمان پێشبركێ لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەشداربوون، لەم پێشبركێیەشدا توانیان پلەی هەشتەم بەدەست بێنن، ئەمە جگە لەوەی خەڵاتێكی تایبەتی كۆمپانیای هواویان بردەوەو بروانامەی تایبەتی هواویان وەرگرت.