
قوتابیانى زانکۆى سەلاحەددین-هەولێر لە کاتی ئەنجام دانی توانستى زمانى ئینگلیزى لەرێگەى ئۆنلاینەوە
بۆ یەکەمجار لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و لەنێویانیشدا زانکۆى سەلاحەددین-هەولێر پرۆسەى هەڵسەنگاندنى توانستى زمانى ئینگلیزى وەک زمانى دووەم ئەنجامدرا، بەم ئەزموونە و تاقیکردنەوەیە زانکۆکانى کوردستان دەچێتە سەر نەخشەى جیهانى Education First هەڵسەنگاندنى توانستى زمانى ئینگلیزى، سەبارەت بەمەش لەهۆڵەکانى سەنتەرى توێژینەوە و سەنتەرى زمانى زانکۆى سەلاحەددین-هەولێر هەڵسەنەگاندنى توانستى زمانى ئینگلیزى بۆ ماوەى هەفتەیەک تا نووسینى ئەم هەواڵەش بەڕێوە دەچێ، ئەوەى شیاوى باسە قوتابیانى کۆلیژەکانى زمان و زانست و پەروەردەى بنەڕەتى زیاتر لە ٥٠٠ قوتابى بەشداریان لەو هەڵسەنگاندنە کردووە و لەرۆژانى داهاتووش ژمارەیەکى دیکە بەشدارى ئەو هەڵسەنگاندنە دەکەن، بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆیەک تا قوتابیان ئاستى خۆیان لەرووى زمانى ئینگلیزییەوە بزانن، هاوکات ئەم تاقیکردنەوانە لەرێگەى ستانداردى توانستى زمانى ئینگلیزى ئەنجام دەدرێ و لەلایەن دامەزراوەکانى Education First سەرپەرشتى دەکرێ، تاقیکردنەوەکانیش بێ بەرامبەر لەرێگەى ئۆنلاین و لەناو زانکۆکانى کوردستان ئەنجام دەدرێ،دیارە لەنێوەندى ئەم تاقیکردنەوەیەدا دەرچوون و دەرنەچوون نییە، بەڵکو ئەو پرۆسەیە هاوکارە بۆ ئەوەى باشتر ستراتیژى نیشتمانى بۆ مەبەستى پەرەپێدانى توانستى زمانى ئینگلیزى و چەسپاندنى وەک زمانى دووەم لەنێو دامودەزگەکانى خوێندنى باڵادا،
جێگەى ئاماژەکردنە دامەزراوەکانى Education First یەکێکە لەو دامەزراوە زانستیە نێودەوڵەتیانەى سەرپەرشتى ئەو تاقیکردنەوەیە دەکات و لەماوەى (٥٠) ساڵى ئەزموونی کارکردنیدا گرنگى بە فێربوون و راهێنانى زمانى ئینگلیزى دەدەن خاوەنى راپۆرتى (English Proficiency Index) ساڵانەش لەرێگەى تاقیکردنەوەیەکى ستانداردى زمانى ئینگلیزیەوە توانستى زمانى ئینگلیزى زیاتر لە (١٠) وڵاتانى جیهان هەڵدەسەنگێنن و دواتر داتاکانى توانستى زمانى دەبەستنەوە بەنیشان و هێماى گەشەکردنى ئابوورى و گەشەپێدانى مرۆیى و توێژینەوە و پەرەپێدان، ئەمەو زانکۆى سەلاحەددین-هەولێر بەیەکێک لەو زانکۆیانە دەژمێردرێن کە زمانى ئینگلیزى بەزمانى دووەم دەژمێردرێ لەزمانى کوردى وەک زمانى دایک.