
پیشانگەى ناساندنى تواناى زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەهەرێمى کوردستان
بەئامادەبوونى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پ.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین، ژماریەکى زۆر لە مامۆستا و قوتابیانى زانکۆى سەلاحەدین و میوانانى زانکۆکانى دیکەى هەرێمى کوردستان، پیشانگەى ناساندنى تواناى زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران کرایەوە، لەسەرەتاى مەراسیمى کردنەوەى پیشانگەکە سەرەتا چەند ئایەتێک لەقورئانى پیرۆز خوێندرایەوە، لەپاشاندا پ.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆ وتارێکى سەبارەت بەم بۆنەیە پێشکەشکرد و تیایدا جەختى خستە سەر پەیوەندییەکانى نێوان زانکۆى سەلاحەددین و زانکۆکانى ئێران و زۆربەى وڵاتانى جیهان هاوکات باسیشى لەوەکرد لەهەموو هەوڵێکدان بۆ زیاتر ناساندنى زانکۆکان و بەنێودەوڵەتیکردنیان، ئەمڕۆش لەم پیشانگەیەدا زیاتر ئاشنا بوونە لەنزیکەوە بەهەموو تواناکانى زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران، لەمبارەیەش بوونى ٣٣ زانکۆى کۆمارى ئیسلامى ئێران هەوڵێکە تا لەنزیکە هەموو پەیوەندى و ئاڵوگۆڕییەکان یەک بخەین بۆ گەیشتن بە ئامانجى زانستى تا لەم رێگەیەوە خزمەت بەکۆمەڵگە بکەین. لەلایەکى دیکەوە د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان لەنێوەندى وتارێکدا کردنەوەى ئەو جۆرە پێشانگە و چالاکییانە بەرزنرخاند، جەختیشى لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکان لەگەڵ زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران و زانکۆکانى دیکەى جیهان بەردەوامە بۆ بەدیهێنانى ئامانجى زانستى و برەودان تا گەیشتن بەوەى بتواندرێ بەشێوەیەکى لەبار خزمەت بەکۆمەڵگە و جیهان ببەخشین و بتواندرێ زانکۆکان روویەکى نێودەوڵەتى وەربگرن و بگەنە ئاستە بەرزەکانى زانست، ئێمرۆش ئاشنا بوون بەزانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران هەنگاوێکى دیکەیە تا لەنزیکەوە ئاشنایەتیمان هەبێ بۆ گەیشتن بە ئاستە بەرزەکانى زانست و بەنێودەوڵەتى بوونى زانکۆکانى کوردستان، دیارە ئەمەش بەهۆى پەیوەندى و ئاڵوگۆڕى زانستییەوە دێتە دى.
هاوکات مورتەزا عەبادى کونسڵى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەهەولێر لەنێوەندى وتارێکدا باس لەچەند خاڵێک کرد کە تیایدا دواى شۆڕشى ئێران بەدەستیهیناوە وەک دامەزراندى٢٤٠٠ زانکۆ لەنێوەندى شارەکانى ئێراندا، پاشان باسى لەوەکرد کە زانکۆکانى ئێران لەئاستى جیهانیدا لەپێشەوەن و تواندراوە هەنگاوی گەورە بهاوێژن لەرووى زانستییەوە و لەریزبەندییەکانى یەکەمدان بەتایبەت لەبوارى نانۆتەکنەلۆژیدا، هاوکات خۆشحاڵى خۆى دەربڕى سەبارەت بەکردنەوەى ئەو پیشانگەیە لەهەرێمى کوردستان و بەباشى زانى پەیوەندییەکانى لەنێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران هەمیشە لەپێشکەوتوو دابن بۆ بەدستهێنانى ئامانجى زانستى.
هەر لەنێوەندى ئەم بۆنەیەدا وتارێک لەلایەن نوێنەرى وەزیرى زانست و توێژینەوەى تەکنەلۆژى کۆمارى ئیسلامى خوێندرایەوە، تیایدا جەختى لەپەیوەندییەکانى زانکۆکان کرد لەرووى ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمیدا ئەوەشى خستە روو زانکۆکانى ئێران لەزۆر رووى زانستى لەریزبەندى یەکەمى جیهانین.
لەپاشاندا پیشانگەى ناساندنى تواناى زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەهەرێمى کوردستان کرایەوە، کەتیایدا ٣٣ زانکۆى کۆمارى ئیسلامى ئێران و چەندین سەنتەرى توێژینەوە بەشداریان تیادا کردبوو، ئەمەو هەریەک لەزانکۆکان بەش و پیسپۆڕییەکانى خۆیان خستە روو، لەرووى زانستە مرۆڤایەتییەکان و زانستە پەتییەکاندا تا قوتابى و خوێندکارانى کوردستان بۆ خوێندنى باڵا لەو زانکۆیانەدا بخوێنن چ بۆ خوێندنى بەکالۆرێۆس یاخود هێنانى نامەى ماستەر و دکتۆرا لەزانکۆکانى ئێراندا، هاوکات هەموو زانکۆکان بەجۆش و خرۆشەوە هەموو بابەتەکانیان شرۆڤە دەکرد، هەموو رووە زانستییەکانى زانکۆکانیان دەخستە روو.