
بەڕێزان لە سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان...
بەناوی ئەنجوومەنی زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر، بە بۆنەی هاتنەوەی رۆژی ١٥ی ئایاروتێپەڕبوونی پەنجاوحەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، جوانترین پیرۆزبایی لە بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەت و تەواوی ئەندامانی یەکێتییە خەباتگێڕو کۆڵنەدەرەکەتان دەکەین، هیوادارین هەموو ساڵێک ئەو یادە پڕ شکۆیەی گەورەترین رێکخراوی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان لە سایەی ئازادی و دیموکراسی و ئاوەدانییەوە بکەینەوەو ژیانێکی شایستەتر لە رێگەی خەباتی مەدەنیانەی یەکێتییەکەتان بۆ مامۆستایان بێتەدی.
بەڕێزان...
نابێت رۆڵی یەکێتییە تێکۆشەرەکەتان لە بەرچاو نەگرین لە هەموو قۆناغەکانی مێژووی گەلی کوردستان چ لە شاخ یا لە شاردا، بە تایبەت لە قۆناغی دوای راپەڕین و ساڵانی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیەوە هەموو هەوڵەکانی خۆی خستەگەڕ لە پێناو بەردەوامیدان بە پڕۆسەی خوێندن و پەروەردەکردنی نەوەکانمان بە هەستی نیشتیمانی و کوردایەتی و چاندنی رۆحی خۆنەویستی لە نێو قوتابخانەو زانکۆکاندا، ئەمە سەرباری ئەوەی لە پارێزەرایەتیکردن بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مامۆستایانیش سڵتان نەکردۆتەوەو هەمیشە لە خەبات بۆ ئایندەیەکی باشترو جوانتر بۆ مامۆستایان بەردەوام بوونە. لەم بۆنە مێژووییەدا ئەنجوومەنی زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر رێزو ستایشی هەیە بۆ خەباتی مەدەنیانەی یەکێتییەکەتان و سوپاسی سەرۆک و ئەندامی یەکێتیەکەتان دەکات کە پاڵپشتی زانکۆمان و زانکۆکانی دیکە بوون لە هاندانی مامۆستایان بۆ درێژەدان بە پڕۆسەی خوێندن و بۆ چرکەیەکیش نەتانهێشت هۆڵەکانی خوێندن خاڵی بن لە مامۆستا، ئەوەی ئێستاش هەمووان شانازی پێدەکەین لە بەرزبونەوەی ئاستی زانکۆو پێشەوەچوونی کەرتی خوێندنی باڵا بە هاوکاری و پاڵپشتی ئێوە هاتۆتەدی.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە پیرۆزە ١٥ی ئایار، لە هەموو مامۆستایانی کوردستان
پ.د.احمد انور دزەیی
سەرۆکی ئەنجومەنی زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر
١٥ ئایاری ٢٠١٩