
پوختەیەک لە گوتەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئەم سەركەوتنە بۆ ئێوە لەم قۆناغەی ژیانتان، سەركەوتنێكی گەورەیە و دەبێ هەستێكی خۆشتان هەبێ كە مرۆڤ بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوونی خۆی ببینێت.
سوپاسی هەموو مامۆستایانی بەڕێز دەکەم كە ئەم ساڵانەی ڕابردوو سەرەڕای ئەوەی تووشی چەندین قەیران و ناخۆشی بووین، نەیانهێشت خوێندن دوابكەوێت و بەردەوام بوون لە فێركردن و پێگەیاندنی قوتابییانی خۆشەویست.
دەمانەوێ ئاستی خوێندن لە كوردستان بەرەو پێشەوە ببەین، بۆ ئەم مەبەستە دەستەی متمانەبەخشینمان كارا كردووە و دامەزراندووە تاكوو ئاستی خوێندن لە هەموو زانكۆكانی كوردستان لە خوێندنی باڵا بە پێوەر و ستانداردێكی نێودەوڵەتی بكرێت و ڕۆژ بە ڕۆژ، ساڵ بە ساڵ ئاستی خوێندنی زانكۆكانمان بەرەو پێشەوە بچێت.
یەكەم تاقیكردنەوە چەند ڕۆژی داهاتوو دەست پێدەكات و ئەمیش هەڵبژاردنی كوردستانە و پێویستە هەمووتان بچن دەنگ بدەن چونكە مافی خۆتانە.
ئێوە بەو زانستەی فێربوون دەتوانن خوێندنەوەیەكی باشتر بۆ پێشهات و ڕووداوەكان بكەن و گرنگە هەمووتان بچن لە ڕۆژی 20ی ئۆكتۆبەر دەنگ بدەن بەو لایەنەی كە پێتان وایە دەتوانێت خزمەتی وڵاتەكەمان بكات و بەو لایەنەی كە دەتوانێت ئارامی و ئاوەدانی بۆ وڵاتەكەمان دەستەبەر بكات.
• ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەموومان گرنگە، چونكە هەر بڕیارێك لەم هەڵبژاردنە بدرێت چارەنووسی وڵاتەكەمان دیاری دەكات و شێوازی حكومڕانی بۆ چوار ساڵی ئایندە دیاری دەكات.
• ئێوە دەتوانن دەستنیشان بكەن و بڕیار بدەن كام جۆری حكومەتتان دەوێ و گرنگە بچن و بەشداریی هەڵبژاردن بكەن بۆ ئەوەی خەڵكانێكی تر لەجیاتی ئێوە بڕیار نەدات.
• دڵنیام بە دەنگی ئێوە بڕیاری دروست دەدرێت.