
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
قوتابییانی ئازیز، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ماندوو نەناس، بە بۆنەی هاتنەوەی ساڵی نوێی خوێندن گەرمترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە دەکەم و هیوای دەستپێکی ساڵێکی پڕ لە بەرهەم و زانستتان بۆ دەخوازم.
لە ماوەی ڕابردوو و لە دوومانگی پشووی هاوین سەرجەم تیمە کارگێڕییەکانی زانکۆی سەلاحەدین لە دەوامی فەرمی خۆیان بەردەوام بوون و هەوڵ و تێکۆشانییان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێواز خۆیان ئامادەبکەن بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێی خوێندن.
قوتابییانی خۆشەویست ئێوە بەشێکی گرنگن لە پڕۆسەی خوێندن و زانکۆ، داهاتوو لەسەر دەستی ئێوە بنیات دەنرێت و دروست دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا وەک ئەنجوومەنی زانکۆ دڵخۆشین کە دەتوانین بەردەوام بین لە خزمەتکردنی ئێوەو بەرەوپێشبردنی زانست و زانکۆ.
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی دەرگای سەرجەم بەشەناوەخۆییەکان دەکرێنەوە و دەتوانن مامەڵەی وەرگرتنی بەشەناوەخۆییەکانتان بکەن.
مامۆستایانی قەدرگران ئێوە کۆڵەکەی خوێندنن و وەک هەمیشە پشتگیری خۆمانتان بۆ دوپات دەکەینەوە و هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکتان لەگەڵ دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن لەڕێگای خزمەتکردنی قوتابییان و نووسینی توێژینەوەی بەرهەمدار وڵات و زانکۆ بەرەو پێشەوە ببەن.
فەرمانبەرانی ماندوونەناس، دڵخۆشم کە دەبینم بەردەوام لە خزمەتکردنن و ڕۆڵ و پێگەی ئێوە هۆکارە بۆ بەردەوامی پێشەنگی زانکۆ.
لە کۆتایید، بەگەرمی بە خێرهاتنتان دەکەم و بەپەرۆشم بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن.
ساڵی نوێی خوێندن پیرۆزبێت لە هەموومان.
پ.ی.د.کامەران یونس محمدئەمین
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر.