
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
قوتابیان و خوێندکارانی خۆشەویست،
دەرچووانی (٣٨)مین خولی زانکۆی سەلاحەدین.
سڵاوتان لێ بێت...
بەبۆنەی دەرچوونتان و کۆتاییهاتینی خوێندنی زانکۆییتانەوە، پیرۆزباییەکی گەرمتان لێدەکەم، هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم. پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە دایکوباوک و مامۆستایانتان دەکەم کە ئەوانیش هاوبەشی چیرۆکی سەرکەوتنتانن.
ئەمرۆ بۆ منیش رۆژێکی خۆشە کە دەبینم گەنجانی وڵات بە سەرکەوتوویی قۆناغێکی گرنگی ژیان تێدەپەڕێنن و پێی دەنێنە قۆنغێکی گرنگترەوە. قۆناغێک کە تیایدا ئەرک و بەرپرسیارەتیی گەورەتر دەکەوێتە سەر شانتان و خزمەتی وڵات و گەلەکەتان دەکەن.
گەنجانی خۆشەویستی کوردستان،
ئێوە هیوا و دوارۆژی وڵاتەکەتانن، کوردستان ئومێدی لەسەر ئێوە هەڵچنیوە و چاوی لە کار وخزمەتتانە. دڵنیام لە ئاستی ئەو چاوەروانییەدا دەبن و هەر یەکێکتان لە شوێن وپێگەی خۆتانەوە بەشداری پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی وڵات و کۆمەلگە دەکەن.
دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩