
ئەندامانی لیژنەى باڵای رێکخستنی سیمیستەروژمارەیەک مامۆستای زانکۆلە سیمینارێکدا کە پێشکەش کرا لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر عەباس بورهان.
لە سەنتەری رۆشەنبیری زانکۆی سەلاحەدین بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەى باڵای رێکخستنی سیمیستەر و ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ، سیمینارێک پێشکەش کرا لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر عەباس بورهان سەبارەت بە چۆنیەتی پەرەپێدانی توانا و چالاکی قوتابیان لە چوارچێوەی سیستەمی نوێی خوێندن. لە سیمینارەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پێویستە قوتابی بکرێتە چەقی خوێندن، بەشێوەیەک کە تەنها مامۆستا رۆڵی یەکلاکەرەوەی نەبێت، بەڵکو رۆڵی مامۆستا بریتی بێت لە رێگە خۆشکردن بۆ قوتابیان بۆ ئەوەی ببنە سەنتەری خوێندن.
لە بەشێکی دیکەى سیمینارەکەدا ئەوە روونکرایەوە کە لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەی وا بریارە ساڵێکی دیکە لە زانکۆی سەلاحەدین جێبەجێ بکرێت، پێویستە قوتابیان بە شێوەی گروپ کاربکەن و پرۆژەیان پێشکەش بکرێت کە کاری لەسەر بکەن، هەروەها چالاکیەکانیان بەشێوەیەک رێکبخرێت کە رۆژانە گفتوگۆ و خوێندنەوەیان هەبێت. لە بەشێکی گرنگی ئەو سیستەمەدا هاتووە کە پێویستە هزر و بۆچوونی قوتابی بە هەند وەربگیرێت، بەشێوەیەک کە تەنها تاقیکردنەوە نەبێت، بەڵکو دەبێت رۆڵ و توانای قوتابیان دەربخرێت، هەڵسەنگاندنی قوتابی تەنها لەسەر تاقیکردنەوەکان نەبێت.
دکتۆر عەباس بورهان لە سیمینارەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە لە مۆدێلە نوێیەکان دوای دیراسەتکردنێکی زۆر، دەرکەوتووە قوتابی بەشێوەیەکی گروپ بەرهەمی زیاتریان دەبێت و سەرکەوتووتر دەبن. بۆیە دەبێت چالاکیەکانی قوتابی فراوان بکرێن، ئەمیش لەرێگەى چەند جۆرە چالاکیەکن لەوانە، وۆرک شۆپ، راپۆرت، توێژینەوە، سیمینار. دەبێ زانکۆکان بگەنە ئاستێک کە کێشەکانی دەرەوەی زانکۆ لەناو زانکۆ چارەسەر بکرێت، چونکە لە مۆدێلی نوێدا زانکۆچەقی چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگەیە.