
شاندی زانکۆی سەلاحەدین بە سەرپەرشتی سەرۆکی زانکۆ (پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد دزەیی) لە ووڵاتی ئەڵمانیا
شاندێکی تایبەتی زانکۆی سەلاحەدین بە سەرپەرشتی سەرۆکی زانکۆ (پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد دزەیی) سەردانی ووڵاتی ئەڵمانیای کرد بە مەبەستی پەرەپێدانی بە پرۆژەیەکی هاوبەش لە نێوان زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی پۆتسدامی ئەڵمانی و زانکۆی تیشک و زانکۆی کاسۆلیک. نەخشەی ئاینی لەشاری هەولێر دەبێتە پرۆژەی هاوبەشی نێوان ئەم زانکۆیانە. لە میانەی گەشتەکەدا شاندی زانکۆی سەلاحەدین لە چەندین کارو چالاکی زانستی و فرەلایەن بەشداربوون بۆ زەمینەسازی تەواو بۆ سەرخستنی پرۆژە هاوبەشەکە.
شاندی زانکۆی سەلاحەدین لەرێگەی چەند سیمینارێکەوە رەوشی فرە ئاینی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانی بە وولاتی ئەڵمانیا و زانکۆی پۆتسدام ئاشناکرد، لەلایەکى دیکەوە سیستەمی پەروەردەی ئاینی لە هەرێمی کوردستان بە تێروتەسەلی تیشکی خرایە سەر. سیمینارەکان بەم شێوەیە بوون: سیمینارێک بەناونیشانی (پەیوەندی نێوان دەوڵەت و ئایین) لەلایەن کۆسرەت ێالح ئەحمەد، کە تێیدا تیشکی خستە سەر یاسای مافی پاراستنی کەمایەتیە ئاینی و پێکهاتەکانکە لە پەرلەمانى کوردستان دەرچووە. سیمیناری دووەم لەژێر ناونیشانی (سیستەمی پەروەردەی ئاینی لە هەرێمی کوردستان) لەلایەن ئەحمەد سەیدۆک پێشکەشکرا، هەروەها سیمیناری سێیەمیش تەرخان کرابوو بۆ پێکەوە ژیانی ئاینی لە هەرێمی کوردستان کە لەلایەن بەرێزان پاوان ئەێغەر تالب و رێناس دیندار پێشکەشکرا.
هەر لە چوارچێوەی گەشتەکەدا چەند دانیشتنێکی تایبەت ئەنجامدران بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو توێژینەوانەی نوسرابوون دەربارەی پرۆژەی نەخشەی ئاینی شاری هەولێر، بە تایبەت توێژینەوەی دکتۆر ئەردەوان مستەفا مزوری دەربارەی مزگەوتی حاجی ئەحمەد دەرماناوی لە شاری هەولێر. هەر لە میانی گەشتەکەدا چەندین کۆبوونەوەی بایەخدار لەگەڵ زانکۆی پۆتسدامی ئەڵمانی سازکرا و تێیدا تیشک خرایە سەر قوڵکردنەوەی پەیوەندیە دوو قۆڵیەکانی نێوان هەردوو، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین جەختی لەسەر ئەومیکانیزمانە کرد کە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی هەماهەنگی و پێوەندی زانستی نێوان هەردوولا.
لەچوارچێوەی پرۆگرام و کاروچالاکیەکانی گەشتەکە، شاندەکە بە سەرپەرشتی دکتۆر ئەحمەد دزەیی (سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین) سەردانی وەزارەتی ئابووری و پەرەپێدانی هەماهەنگی ئەڵمانیای کرد و باس لە هەماهەنگی هەردوولا کرا، داوا لە وەزارەتی ناوبراوکرا کە زیاتر پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بکات لە سێکتەرە جیاجیاکانی وڵاتدا. لەبەرامبەردا ئەوان ئامادەیی تەواوی خۆیان دەربری بۆ هەر جۆرە هەماهەنگیەک، لەم بارەیەوە پرۆفییسۆر هافنەر لە زانکۆی پۆتسدامی ئەڵمانی دەربارەی هەرێمی کوردستان ووتی (هەرێمی کوردستان نمونەی پێکەوە ژیانی ئایینیەو دەکرێ بکرێتە نمونەیەک بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراست).
شایەنی باسە ئەم پرۆگرامە لە چوارچێوەی پرۆژەی فرە ئاینیە لە هەرێمی کوردستان کە رێکخراوی دادی ئەڵمانی سپۆنسەری دەکات و وا بریارە لە کۆتایی پرۆژەکە کتێبێکی زانستی چاپ بکرێت بەزمانی ئینگلیزی دەربارەى نەخشەی ئاینی لە شاری هەولێر.