
دووەمین کۆنفرانسى پرۆژەى توێژینەوەى قوتابیان و پۆستەرى ئەکادیمى لەهۆى عەبدوڵڵا حەدادى
بەئامادەبوونى پ.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین و ژمارەیەک لە راگرى کۆلیژەکانى زانکۆ و قوتابیانى کۆلیژەکان، بەڕێوەبەرایەتى دڵنیایى جۆرى و پەرەپێدانى پرۆگرامەکان لەژێردورشمى "برەودان بەتواناکانى قوتابیان لەپێشکەشکردنى پرۆژەکانیان" دووەمین کۆنفرانسى پرۆژەى توێژینەوەى قوتابیان و پۆستەرى ئەکادیمى لەهۆى عەبدوڵڵا حەدادى کۆلیژى پەروەردە سازکرا، لەسەرەتادا پ.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆ وتارێکى پێَشکەشکرد و تیایدا تواناى قوتابیانى خستە روو لەرووى پێشکەشکردنى توێژینەوەکان تا ئەمە ببێتە بنەمایەک بۆ زیاتر گەشەسەندن و پێشکەوتنیان و خاڵێکى وەرچەرخان بێ لەژیانى خوێندن و پراکتیکردنى کارەکانیان کاتێک دەیانەوێ توێژینەوەیەک ئەنجام بدەن. لەلایەکى دیکەوە پ.د.نەبیل عادل وەک رێکخەرى کۆنفرانسەکە خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بۆ گەیشتن بەو ئاستەى قوتابیان تا لە کۆنفرانسێکى وادا توێژینەوەکانیان پێشکەش بکەن، تا بتوانن لە ژیانى کاردا سوودى لێ وەربگرن.
لەپاشاندا دەستکرا بەپێشکەشکردنى توێژینەوەکان لەلایەن قوتابیانى کۆلیژەکانى زانکۆى سەلاحەدین، لەسەرەتاشدا پرۆژەى توێژینەوەى کۆلیژى زانست لەدواى ئەویش هەر یەک لەقوتابیانى کۆلیژەى ئەندازیارى و ئاداب و زمان و کشتوکاڵ و بەڕێوەبردنى ئابووررى و پەروەردە و زانستە رامیارییەکان و کۆلیژى پەروەردەى وەرزشى و پەروەردەى بنەڕەتى، هاوکات نمایشى پۆستەرى ئەکادیمى قوتابیانى هەردوو قۆناغى یەکەم و کۆتایى کۆلیژەکانى زانکۆى سەلاحەددین-هەولێر لەرێڕەوى هەمان هۆڵدا ئەنجامدرا و زیاتر لە بیست قوتابیش بەشدارى ئەو پیشەنگەیەدا کردبوو، لەلایەکى دیکەوە لەدرێژەى کۆنفرانسى پرۆژەى توێژینەوەى قوتابیاندا پرۆژەى توێژینەوەى قوتابیانى کۆلیژەکانى دیکەى زانکۆ بەردەوام بوو بۆ قوتابیانى کۆلیژەکانى زانستە ئیسلامییەکان و هونەرە جوانەکان و پەروەردەى شەقڵاوە و پەروەردەى مەخموور، ئەوەى شیاوى باسە لەنێوەندى پێشکردنى هەر توێژینەوەیەک لە پاشاندا گفتوگۆ لەلایەن ئامادەبووانەوە دەخرایە روو، بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنى توێژینەوە.