
سەرۆکى زانکۆ لە کۆنفرانسى ساڵانەى NAFSA لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا
لە سەر بانگه ێشتى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە عیراق و کونسڵخانەى ئەمریکا لە هەولێر پ. د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆ، بەشدارى کۆنفرانسى ساڵانەى رێکخراوى (NAFSA) ى کرد لە ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەواشنتۆن.
ئەم رێکخراوە کە رێکخراوێکى پەروەردەییە لەوڵاتى ئەمریکا، ساڵانە کۆنفرانسى نێو دەوڵەتى خۆى بە بەشدارى سەرجەم کەسایەتیە پەروەردەییەکان و خوێندنى باڵا و زانکۆکان دەکات لەسەرتاسەرى جیهاندا، بۆ ئەمساڵ زانکۆى سەلاحەدین بوو بەیەکێک لە زانکۆ بەشداربووەکانى ئەم کۆنفرانسە.
سەرۆکى زانکۆ لە لێدوانێکى تایبەت دا بۆ زانکۆ پرێس ئاماژەى بە ئامانجەکانى سازدانى ئەو کۆنفرانسە نێو دەوڵەتیە داو گوتى: ئامانج لەو کۆنفرانسە سازدانى پەیوەندى ئەکادیمی و ناساندنى زانکۆکانى جیهانە، لەگەڵ زانکۆ ئەمریکییەکاندا، لە رووى بەنێو دەوڵەتکردنى زانکۆکان و راهێنانى مامۆستایان و رەخساندنى هەلى خوێندن بۆ قوتابیانى خوێندنى باڵا، بەتایبەت خوێندنى هاوبەش لە گەڵ زانکۆ ئەمریکییەکاندا، هەروەها گوتى : ئەم دیدارە نێو دەوڵەتیانە بە گشتى بە ئامانجى سوود وەرگرتنە لە ئەزموون و پرۆگرامەکانى خوێندن لە ئەمریکادا.
لەو کۆنفرانسەدا کە زیاتر لە ٣٠٠٠ کەسایەتى ئەکادیمى بەشدارییان تێدا کر دبوو، دابەشى سەر ١٠٠ هۆڵى کۆبوونەوە ببوون، لە پانێلێکدا سەرۆکى زانکۆ ئاماژەى بە پرۆگرامەکانى زانکۆى سەلاحەدین لەگەڵ زانکۆ ئەمریکییەکان کرد و ئاواتى ئەوەى خواست کە ئاستى پەیوەندییە ئەکادیمییەکانمان لەگەڵ زانکۆ ئەمریکییەکان لەئاستى زانکۆ ئەوروپیەکاندا دابێت، کە تا ئێستا لە ئاستێکى بەرز دا بووە، بەتایبەت لەگەڵ رێکخراوى دادى ئەڵمانى و یەکێتى ئەوروپاو پرۆگرامى ئیراسمۆس کە پشتگیرییەکى زۆرى دارایى و زانستى زانکۆکانى کوردستانیان کردووە
لەگەورەترین پیشانگاى هاوبەشى زانکۆکانى جیهان :
هەروەها سەرۆکى زانکۆ دەرى خست کە لە میانى ئەو کۆنفرانسەدا ئامادەى گەورەترین پیشانگاى نێو دەوڵەتى خوێندنى باڵاى زانکۆ جیهانییەکان بووە، کە زۆرترین وڵاتانى جیهان لەسەر گەورەترین ئاست بەشدارییان تێدا کردبوو، سەرۆکى زانکۆ ئاماژەى بەوەدا کە کارى زۆریان کردووە بۆ ساڵى ئایندە زانکۆى سەلاحەدین پێگەى تایبەتى خۆى هەبێت لەو پیشانگا نێو دەوڵەتیە کە بەیەکێک لە گەورەترین پیشانگا زانستییە نێو دەوڵەتیەکان هەژمار دەکرێت .
لە گەڵ رێکخراوى نێو دەوڵەتى (Q.S) :
هەروا سەرۆکى زانکۆ گوتى: بەختەوەر بووین بەوەى کە ئێمە وەک زانکۆى سەلاحەدین لاى زۆر لە رێکخراوە جیهانییەکان ناومان هەبوو، بە تایبەت رێکخراوى نێو دەوڵەتى(Q.S) ریز بەندى نێو دەوڵەتى زانکۆکان، هیوایان وابوو کە زانکۆى سەلاحەدین ئاستى پێشکەوتوو تر بەدى بێنێ لەوەى پێشووتر .
لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا :
لە رۆژانى دوایى کۆنفرانس دا سەرۆکى زانکۆ لە لایەن بەرپرسانى پەروەردەو خوێندنى باڵاى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا پێشوازى لێ کرا، لەو دیدارەدا باس لە بەرەو پێشەوە چوونى ئاستى پەیوەندییەکان کرا ، لەگەڵً زانکۆ ئەمریکییەکان لە بوارى خوێندنى باڵادا.
سەرۆکى زانکۆ ئامادەیى زانکۆى دەربڕى بۆ پێشوازى لێکردنى قوتابیە ئەمریکییەکان لە بوارى زمان و شوێنەوارو مێژوو جوگرافیاو زانستە سیاسییەکان، یا هەر لایەنێکى ترى زانستى.
ماردین ئۆلبرایت و کۆلن پاول لە سیمینارێکدا :
لە سیمینارێکدا کە چەندین کەسایەتى ئەمریکى و جیهانیى بەشدار بوون ، سەرۆکى زانکۆ بە شێوەیەکى ناراستەوخۆ ئارمى زانکۆو مافورى زانکۆى پێشکەش بەو دوو کەسایەتیە سیاسییە جیهانیە کرد، بە ئامانجى ناساندنى زانکۆى سەلاحەدین لە هەرێمى کوردستاندا.
لە گەڵ سەرۆکى رێکخراوى NAFSA :
هەر لە پەراوێزى کۆنفرانسە نێو دەوڵەتیەکەى واشنتۆن، سەرۆکى زانکۆ دیدارێکى تایبەتى لەگەڵ سەرۆکى رێکخراوى NAFSA سازکرد، لەو دیدارەدا باس لە پتەوکردنى پەیوەندى زانستى نێوان هەردوولا کرا، خۆشحاڵى خۆیان بەرامبەر بەو دیدارە دەربڕى، بەم بۆنەیەشەوە سەرۆکى زانکۆ ئارمى زانکۆو مافورى قەڵاى هەولێرى پێشکەش بە سەرۆکى ئەو رێکخراوە کردو ئاواتى ئەوەى خواست کە لە ئایندەدا ئەو دیدارە زانستییانە بەردەوام بن.