
زانکۆی سەلاحەدین دوای ئەوەی ئامادەکاریەکی تەواوی کرد بۆ چوونە پێشبرکێ لەگەل زانکۆ جیهانیەکان بە گشتی و زانکۆکانی عیراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی. بۆیە بەشێوەیەکی بەرچاو توانیویەتی لە ئامانجەکانی نزیک بێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا لە نوێترین ریزبەندیدا کە ماڵپەری ویبۆمیتریکس بڵاوی کردۆتەوە، ئەوە دەبینرێت کە زانکۆی سەلاحەدین پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لەگەڵ ساڵی پار، بەشێوەیەک کە پارساڵ (٢٠١٨) زانکۆی سەلاحەدین لەریزبەندی ٤٤٨٥ بو لەسەر ئاستی جیهان و لەسەر ئاستی عیراقیش لە ریزبەندی ١١ بوو، بەڵام بەپێی هەمان پێگەی ویبۆمەتریکس، زانکۆی سەلاحەدین توانی لە ساڵی ٢٠١٩ خۆی بگەیێنێتە ریزبەندی ٢٧٠٩ لەسەر ئاستی جیهان و ریزبەندی ٦ لەسەر ئاستی عیراق، هەروەها بە جیاوازی چەند خاڵێکی کەم لەگەڵ زانکۆی سلێمانی لە پلەی دووەم هات لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.
پێویستە ئەوە بگوترێت کە زانکۆی هەولێری پزیشکی لە ریزبەندی چوارەمی سەر ئاستی هەرێمی کوردستانە کە لەریزبەندی جیهانی لە پلەی ٣٥٢٣ دێت. هەروەها ئەم جیاوازیە کەمەی زانکۆی سەلاحەدین لەگەڵ زانکۆی سلێمانی بۆ دوو فاکتەری سەرەکی دەگەرێتەوە، یەکەمیان پەیوەستە بە بوونی کەمپی زانکۆ، کە ئەگەر زانکۆی سەلاحەدین کەمپێکی شایستەی هەبوایە ئەوا رێزبەندی زانکۆی سەلاحەدین زۆر لەپێشتر دەبوو چونکە پێگە نێودەوڵەتیەکانی هەڵسەنگاندنی زانکۆ جیهانیەکان بوونی کەمپی زانکۆ بە هەند وەردەگرن و خاڵی زۆری بۆ تەرخان دەکەن. فاکتەری دووەمیش پەیوەستە بەوەی زانکۆی سەلاحەدین بەشە پزیشکیەکانى لێ جیاکراوەتەوە کە ئەمە کاریگەریەکی زۆری کردۆتە سەر خاڵەکانی زانکۆی سەلاحەدین. بۆیە ئەگەر کۆلیژەکانی زانکۆی هەولێری پزیشکی لەگەڵ زانکۆی سەلاحەدین بوونایە، ئێستا زانکۆی سەلاحەدین لە ریزبەندیە جیهانیەکانی بەشێوەیەک لەپێشەوە دەبوو کە لەسیستەمی ویبۆمەتریک دەچووە دەرەوەو دەچوویە رێزبەندی زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیهان و لەسەر ئاستی عیراقیش بەپلەی یەکەم دەهات.
شایەنی ئاماژە پێکردنە بوونی زانکۆ کوردستانیەکان لەو ریزبەندیە و پێشکەوتنیان مایەی شانازی ئێمەیە وەک زانکۆی سەلاحەدین، بەو مانایەی ئێمە سەرکەوتنی ئەو زانکۆیانە بە سەرکەوتنی خۆمان دەزانین بە تایبەت زانکۆکانی کۆیە و سۆران و پۆلیتەکنیک. سەرەرای بوونی ئەو فاکتەرانەش زانکۆی سەلاحەدین بە هەوڵ و ماندووبونی بەردەوامی مامۆستایان و توێژەران و ستافی ئەکادیمیەکەی هەمیشە لە پێشکەوتنی بەردەوام دەبێت، بۆیە یەکێک لە ئامانجە گەورەکانی زانکۆی سەلاحەدین ئەوەیە لەماوەی داهاتوودا بتوانێت زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عیراق و لەسەر ئاستی جیهانیش، بەشێوەیەک کە بگاتە ئەو پێگەیەی کە شایستەیە بە ناوبانگ و مێژووی زانکۆی سەلاحەدین.