
ریز بەندى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان بۆ ساڵى ٢٠١٧ـــ٢٠١٨
دواى راگەیاندنى ئەنجامى ریز بەندى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان بۆ ساڵى ٢٠١٧ـــ٢٠١٨ لە لایەن د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، زانکۆى سەلاحەدین لەو ریزبەندییەدا پلەى یەکەمى بە دەست هێنا لە سەر ئاستى هەموو کوردستان.
بەو بۆنەیەوە د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆ پیرۆزبایى لە تێکڕاى مامۆستایان و قوتابى و کارمەندانى زانکۆ کردو رایگەیاند کە ئەم سەرکەوتنە گەورەیە شایەستەى زانکۆیەکى دێرینى زانکۆى سەلاحەدینە، کە زانکۆى دایکە لە کوردستان و مێژووییەکى پڕ لە سەروەرى هەیە لە خەباتى زانستى و مەعریفى و لە دامێنى ئەو زانکۆیەدا چەندین زانکۆ لە کوردستاندا لە دایک بوون .
هەروەها گوتى ئێمە لە کاتێکا ئەو سەرکەوتنەمان تۆمار کرد کە خاوەنى کەمپى زانکۆى خۆمان نین و کولێژى پزیشکیشمان نیە ، ئەگەرنا ئاستى زانکۆمان لە ئێستاش باڵاتر دەبوو
هەروەهالە لێدوانێکى تایبەتیدا گوتى:ئەم ئەنجامە بۆ ئێمە شتێکى چاوەڕوان کراو بوو، چونکە لەو ماوەیەدا لە دوو رێکخراوى نێو دەوڵەتى بۆ ریز بەندى زانکۆکانى جیهان زانکۆى سەلاحەدین لە پێشەنگى زانکۆکانى کوردستان داندرابوو، پاشان سەرۆکى زانکۆ جەختى لە سەر ئەوە کردەوە کە پێویستە ئەو سەرکەوتنە ببێتە هەوێنى سەرکەوتنى گەورەتر .
شایەنى باسە بەم بۆنەیەوە ئەمڕۆ لە کولێژى پەروەردە ئاهەنگێکى تایبەتى ساز دەکات .