
سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین لەگەڵ بەشەکانى خوێندنى زانستە ئیسلامییەکانى هەرێمى کوردستان.
پ.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین پێشوازى کرد لەسەرجەم بەشەکانى خوێندنى زانستە ئیسلامییەکانى هەرێمى کوردستان. لە کۆبوونەوەکەدا کۆلێژى زانستە ئیسلامییەکانى زانکۆى سەلاحەددین وەک ناوەندێکى زانستی هەموو بەش و کۆلیژەکانى خوێندنى زانسى ئیسلامى بەسەرچاوەیەکى پتەوى زانستى دەزانن بەتایبەت لەرووی یەکخستنى پرۆگرامى خوێندنەوە. هەر لەم چوارچێوەیەشدا دواى تاوتوێ کردنى چەندین خاڵ، جەخت لەسەر گرنگی و پێگەی زانکۆی سەلاحەدین کرایەوە لەم بوارەدا، هاوکات ئەنجامەکانى ئەو گفتوگۆیە ئەرێنى بوون و دەتواندرێ زیاتر کارى لەسەر بکرێ، تا بەروانگەیەکى نوێوە بڕواندرێتە زانستەکانى تایبەت بە خوێندنی ئیسلامی، هەموو لایەک کۆک بوون لەسەر پێداگری لەپێشکەوتنى هەموو بوارەکانى زانست و زانیارى ئینجا لەهەر بوارێکدا بێ، ئەمەش بۆ بەرەو پێشبردنى ئاست بەرزکردنەوەى قوتابیان هەر یەک لەبوارى خۆیاندا. هەر لە کۆبوونەوەکەشدا جەخت لەسەر گرنگی هەماهەنگی سەرجەم بەش و کۆلیژەکانی خوێندنی ئیسلامی کرایەوە بۆ ئەوەی ئەم بەشانە لەداهاتوو پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن.
لەلایەکى دیکەوە سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین لەمیانى چاوپێکەوتنەکانیدا پێشوازى لەشاندێکى زانکۆى زانستە کۆمەڵایەتییەکانى زانکۆى قوبرسى تورکى کرد، شاندەکە پێکهاتبوو لەسەرۆکى زانکۆ و راگرى فاکەلتى ئیلاهیات. لەدانیشتنێکدا چەندین باس خرایە روو وەک ئاڵوگۆڕکردنى بیروراکان، زیاتر بەرەوپێشبردنى هەنگاوەکان لەپێناو بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى، جەختیش لەوە کرایەوە هەموو هەنگاوەکان پێویستە سەرەتا لەسەرۆکایەتى سەلاحەدینەوە بنرێ.
هاوکات پ.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى پێشوازى کرد لە سەرۆکى زانکۆى کەرکووک، سەرەتا باس لە ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕاکان و هەماهەنگیکردن لەنێوان هەردوو زانکۆدا کرا. لە دیدارەکەدا سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین جەختى لەوە کردەوە کە زانکۆ ئامادەی ئەوەیە هەموو توانایەکى بخاتە روو بۆ خزمەتى زانکۆى کەرکووک، بەتایبەت لەرووى بەئەنجام گەیاندنى بەرنامە و پرۆگرام و کۆنفرانسى زانستى و وۆرکشۆپ و کورسى خوێندنى باڵا، هاوکات راگرى کۆلێژى زانست ئامادەى ئەو دانیشتانە بوو ولەپاشاندا بەیاوەرى د.ئۆرهان حیکمەت عەزیز نوێنەرى سەرۆکى زانکۆکانى تورکیا سەردانى پیشەنگاى زانکۆکانى جیهانى لەهەولێر کرد.