
کۆنفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی زەڵمی
لە کاتژمێر(٩:٣٠) ی بەیانی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٦/١/٢٠١٩ لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێری پایتەختی کوردستان، زانـکۆی سـەلاحـەدیـن لە هەولێر کۆنفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی زەڵمی و ئیجتیهادەکانی لە شەریعەت و یاسادا بەڕێوەبرد لە کۆنفڕانسەکە کە بە هاوبەشی کۆلێژەکانی یاساو زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەلاحەدین ئامادەکاری بۆکرابوو تیایدا لە ماوەی دوو رۆژدا ٢١ توێژینەوە لە شەش پانێڵی جیاوازدا پێشکەشکران.
شیاوی باسە لە مەڕاسیمی دەستپێکی کۆنفڕانسەکەدا هەریەکە لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و راگرانی کۆلێژەکانی یاساو زانستە ئیسلامییەکان و سەرۆکی لێژنەی زانستی کۆنفڕانس و نوێنەری بنەماڵەی خوالێخۆشبوو پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی وتاریان پێشکەش کرد و هەر لە مەڕاسیمی دەستپێکیشدا گرتەیەکی فیدیۆیی وێستگەکانی ژیانی پرۆفیسۆری گەورەی کورد دکتۆر مستەفا زەڵمی لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نمایشکران.
لە دووەمین رۆژی کۆنفڕانسەکەشدا راسپاردەی کۆنفڕانس لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر حسێن تۆفیق فەیزوڵڵا خوێنرایەوەو بڕوانامەی رێزلێنان بەخشرایە لێژنەکانی زانستی و ئامادەکاری و توێژەران و مامۆستایانی بەشداربوو لە کۆنفڕانسەکەدا، ئەمە جگە لەوەی لە هەر پانێڵێکدا لۆگۆی زانکۆی سەلاحەدین و بڕوانامەی رێزلێنان دەبەخشرایە قسەکەرە سەرەکییەکان و بەڕێوەبەری پانێڵەکان.