
کۆلێژەکانی شوێنەوارو ڤێتەرنەری لە زانکۆی سەلاحەدین دەکرێنەوە
لەسەر راسپاردەی ئەنجوومەنی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر، ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا هەردوو کۆلێژی (شوێنەوار) و (ڤێتەرنەری)ی لە زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر بکرێنەوە.
پرۆفسیۆر دکتۆر جەوهەر فەتاح سەعید سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر، بە ماڵپەڕی زانکۆی سەلاحەدینی رایگەیاندووە: ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی، لەسەر راسپاردەی ئەنجوومەنی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر، بڕیاریداوە دوو کۆلێژی تازە لە زانکۆی سەلاحەدین بکرێتەوە، بەناوەکانی کۆلێژی(شوێنەوار)، کۆلێژی (ڤێتەرنەری)، کە کۆلێژی شوێنەوارە یەکەمینجارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوەو کۆلێژی ڤێتەرنەریش بۆ یەکەمینجارە لەسەر ئاستی شاری هەولێر دەکرێتەوە.
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەیکرد: هەڵبەتە کردنەوەی هەردوو کۆلێژ لە سەربنەمای دیراسەیەکی زانستی و ئەکادیمی بووەو ماوەی چەندین ساڵە لە رێگەی چەندین لێژنەوە کارکراوەو بە پڕۆسەی دڵنیایی جۆری کارگێڕی زانستی تێپەڕیوەو ئامادەکاری تەواویش کراوە لە رووی دابینکردنی ستافی ئەکادیمی و زانستی و تەنانەت ژێرخان و باڵەخانەی شیاو بۆ کردنەوەی ئەو دوو کۆلێژە.
پرۆفیسۆر دکتۆر جەوهەر ئەوەشی بە ماڵپەڕی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر راگەیاندووە: هۆکارەکانی کردنەوەی کۆلێژی ڤێتەرنەری ئەوەیە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرینگی بە خوێندنی باڵاوتوێژنەوەی زانستی دەدات، بەپێی نەخشەرێگەی ئەو کابینەیەش، کار دەکرێت بۆ زەمینەسازی رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی کوردستان، لەو روانگەشەوە ئێستا بازاڕی کار لە هەرێمی کرودستان بە گشتی و شاری هەولێر بەتایبەتی پێویستی بە دەرچووانی بەشەکانی ئەو کۆلێژە هەیەو خستنەڕووی دەرفەتی کار لەلایەن کەرتی تایبەت بەرەو هەڵکشان رۆیشتووەو کاری ئازادیش لە ئێستادا ئەوە دەخوازێت ئەوانەی کاری تێدا دەکەن، لە رووی زانستییەوە پەروەردە بکرێن،ئینجا بچنە بازاڕی کارەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، لە ئەنجامی بایەخدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بواری شوێنەوارو ناوچە شوێنەوارییەکان، کە سامانێکی نەتەوەیی گرینگە، زانکۆمان پێی باش بوو ئەو بەشەی بەناوی بەشی شوێنەوار لە کۆلێژی ئادابی زانکۆمان هەیە، فراوانترین بکرێت، بەمەبەستی کردنەوەی کۆلێژی شوێنەوار، بۆ یەکەمینجارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی دەکرێتەوە، بۆ لەمەودواش ئەو کۆلێژە چەندین بەشی زانستی دیکە دەکاتەوە کە بواری شوێنەوار لە هەرێمی کوردستان پێویستی پێیەتی، ئەمەش وادەکات دەرفەتی خوێندن بۆ دەرچووانی ئامادەییەکان لە زانکۆمان زیاتر بێت و ساڵانەش پلانی وەرگرتنمان بەرز بکەینەوە، لە هەمان کاتدا کردنەوەی ئەو کۆلێژە وا دەکات کارە زانستییەکانی لە شێوەی هەڵکۆڵین و کنەوپشکنین بەرەوپێشچوونی زانستی بەخۆیەوە ببینێت و گەڕان بە دوای دۆزینەوەی ناوچەی شوێنەواری زیاتر بێت،، ئەوەش رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر کەرتی گەشتیاری و لە داهاتووشدا رێژەی گەشتیاری شوێنەواری بەرەو هەڵکشان دەبات.
شیاوی باسە زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر لە ساڵی ١٩٨١ دامەزراوە و ەکێکە لە دێرینترین زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە (١٥) کۆلێژ و (٧٦) بەشی زانستی خوێندنی بەیانیان و (١٤) بەشی زانستی خوێندنی ئێواران پێکهاتوو، بە کردنەوەی ئەو دوو کۆلێژە ژمارەی کۆلێژەکانی دەبێتە (١٧) کۆلێژ. لە ساڵی ٢٠٠٧یشەوە هەردوو زانکۆی هەولێری پزیشکی و زانکۆی سۆران لەو زانکۆیە جیابونەتەوەو بوونەتە زانکۆی سەربەخۆ.