
هەردوو خولی کۆتایی پاسی ئاشتی و پرۆژە جێگیرەوەکانی توندوتیژی کۆتاییان هات، كە خولەكانی ڕاوندی سێیەم بە هاوبەشی زانكۆی سەلاحەدین-هەولێر، زانکۆی کوردستان-هەولێر و ڕێکخراوی ئەڵمانی forumZFD لە سەنتەری ڕۆشنبیری زانكۆ بەڕێوەچوون.
شایەنی باسە لەماوەی 3 مانگی ڕابردوودا، لە چوارچێوەی سێ ڕاوند و 9 خولی جیاوازدا، نزیکەی 140 مامۆستا و قوتابی لە هەردوو ڕەگەز، لێهاتووی جیاوازیان وەرگرتووە، پەیوەست بە تێگەیشتن و بەرێوەبردنی ململانێ، بنیادنانی ئاشتی و چۆنێتی بەکارهێنانی ڕێگەی ناتوندوتیژی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر ئاستی کەسی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، سەڕەرای بەرزكردنەوەی تواناكان بۆ كاركردن لە ڕێكخراوەكانی تایبەت بە پەرەپێدانی كۆمەڵی مەدەنی.
لەم ڕوانگەیەوە، زانکۆی سەلاحەدین هەوڵدەدات پێشەنگ بێت لە بەکارهێنانی ڕێگەی جۆراوجۆر، لەبواری پەرەپێدانی تواناكان، ئەمەیش هاوشان لەگەڵ ڕێگەی ئەکادیمی بۆ پێگەیاندنی قوتابییان و بەخشینی کارامەیی جۆراوجۆر بە مامۆستایان، تابتوانن کاریگەری بەرچاویان هەبێت لە چۆنێتی پێشخستنی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا.