ئەمڕۆ ڕێککەوتی ١٠ـی ٩ـی ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی “ ئومێد خۆشناو” پارێزگاری هەولێر و “ پ.د.کامەران یونس “ سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین “ د.دیار جەباری” نوێنەری وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و “ پ.د.ئیدریس هەرکی “ سەرۆکی زانکۆی پۆیتەکنیک و “ د. عەبدوڵلا سەعید وەیسی” سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و “ پ.د.حسێن سەعدی” یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ و “ طیب شێروانی” بەڕێوەبەری گشتی ئەوقاف و “ جوتیار بارزانی “ کارگێری لقی دوو و “ د.ئامانج برادۆستی “ بەرپرسی ناوچەی زانکۆ و “ پ.د.جمیل سورچی “ ڕاگری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان و “ کەنعان خەیلانی” سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و بەرپرسانی حزبی و حکومی و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و سەرۆک بەش و مامۆستایان حەوتەمین کۆنفڕانسی زانستی سۆز و میهرەبانی لە سونەتی پێغەمبەر ﷺ بەڕێوەچوو.
لەسەرەتای کۆنفڕانسەکە سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەکرد، سونەتەکانی پێغەمبەر ﷺ بەشێکی گرنگ و سەرەکییە لە سەرچاوەی ئیسلام کە بە دوای قورئانەوە دێن و گرنگییان بۆ ژیانی مرۆڤ لە چەند لايەندایە لەوانە “ ڕێنمایی بۆ تێگەیشتن لە قورئان، نموونەی ئەخلاق و ڕەفتار پێغەمبەر ﷺ بە باشترین ئاخلاق و ڕەفتار ناسراوە، سونەتەکان نموونەیەکی تایبەتیە بۆ میهرەبانی، دادپەروەری، پەیوەندی باش لەگەڵ خەڵک و ڕەحەم بە ژیانی گیانەوەر و ژینگە، هاوڕێی ژیانی مرۆڤ لە هەموو ماوەیەکدا سونەتەکان تەنها بۆ مەسەلە دینییەکان نییەن، بەڵکو بۆ خەو، خواردن، کاسەوپوش، مامەڵەی ئابووری، پەیوەندی خانوادە و هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ڕێنمایی دەدەن.
سۆز و میهرەبانی دوو بنەمای گرنگە لە ژیانی مرۆڤدا، لە مێژووی ئیسلامدا ئەم دوو خاسیەتی گەورە هەر لە دەست و زمان و دڵی پێغەمبەری گەورە، محەممەد ﷺ، بەشێوەیەکی بەرچاو دیاربوو، ئەو نەک تەنها پەیامی ئیمان و یەکگرتوویی هێنا، بەڵکو قوتابخانەیەکی بۆ میهرەبانی و سۆزی دڵی مرۆڤایەتی بەرپاکرد.
پێغەمبەر ﷺ هەمیشە لە گوتن و کرداردا سۆزداربوو و میهرەبانی و کردارەکانی هاوتاو بوون.
میهرەبانی لە کۆمەڵگە و لەگەڵ خێزان و هاوڕێ و خەڵکی بنچینەی ڕەفتارەکانی پێغەمبەر بوو و هەمووکات باسی لەوەکردووە میهرەبانی و ڕێزگرتن لە گەنج و پیاوە قۆناغدارەکان، بەشێکی گرنگی ئیمانە.
پێغەمبەر ئەو قسەیەی دەفەموو: “هەر کەس لە دڵی خۆی میهرەبانی نەبێت، خودای میهرەبانیش لەگەڵی ناکات.”
سۆز و میهرەبانی لە سونەتی پێغەمبەر ﷺ تەنها وشە نیە، بەڵکو ڕێگا و شێوازێکی ژیانە، ئەگەر ئەم دوو خاسیەتە بە جێبهێنین، نەک تەنها لە ژیانی تاکەکەسی خۆمان ئاسودەیی و ئارام دەبینین، بەڵکو کۆمەڵگەیەکی میهرەبان و سۆزدار دەژین
ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین - هەولێر.