
پ.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین لە کۆنفرانسدا
بەئامادەبوونى پ.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین و راگرەکانى کۆلیژەکانى زانکۆى سەلاحەددین و نوێنەرى پارێزگاى هەولێر و ژمارەیەک لەمامۆستا و قوتابیان و میوانان، بەشى مێژوویى کۆلیژى ئاداب دووەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى سەبارەت بە مێژووى کورد و کوردستان لەژێرناونیشانى هەولێر لەسەرچاوە مێژووییەکاندا لەهۆڵى کۆچەر بیرکار لەسەنتەرى رۆشنبیرى زانکۆدا سازکرا، سەرەتا بەمارشى نیشتمانى عێراق و هەرێمى کوردستان خولەکێک وەستان بۆ گیانى پاکى شەهیدانى عێراق و کوردستان، لەپاشاندا چەند ئایەتێک ە لەقورئانى پیرۆز خوێندرایەوە، هەروەها پ.د.قادر محەمەد حسێن راگرى کۆلیژى ئاداب وتارێکى پێشکەش کرد تیایدا باسى لەوە کرد کە هەولێر لەسەرچاوە مێژووییەکاندا لەجیهاندا ناوبانگى دەرکردووە و جەختیشى لەوە کردەوە بەپێى هەموو سەرچاوە مێژووییەکان هەولێر کۆنترین شارە لەجیهاندا کە ژیانى تیادا بەردەوام بووە، لەنێوەندى وتار پێشکەشکردن پ.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین لەوتارێکدا جەختیش لەوە کردەوە کە رووى راستەقینەى شارى هەولێر بەتوێژینەوەکان بەدەردەکەوێ، هاوەکات داواشى لەکەسایەتییەکانى شارى هەولێر کرد کە لەوێدا ئامادەبوون بەشدارى بکەن لەزانیارى بەخشین سەبارەت بە مێژوو و شارى هەولێر کە تا ئێستا نەزاندراوە، لەتەوەرێکى دیکەدا باسى لەوە کرد کە بەپێى بەڵگە و زانیارییەکان شارى هەولێر یەکێکە لەو شارانەى لەریزبەندى ئەو شارانەیە کە ئارامى بەخۆیەوە بینیووە.
جێگەى باسە نوێنەرى پارێزگاى هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد و تیایدا هەوڵ و ماندووبوونى توێژەرانى ئەم کۆنفرانسەى بەرز نرخاند، هەر لەوێدا پ.د. موحسین محەمەد حسێن لەوتارێکدا باسى زۆرێک لەلایەنەکانى مێژوویى هەولێر کرد، لەلایەکى دیکەوە پ.د. محەمەد ئاکباش لە زانکۆى غازى عەنتابى وڵاتى تورکیا باسى لەچەند لایەنێکى مێژوویى کورد و کوردستان کرد، ئەوەى شیاوى باسە ئەم کۆنفرانسە دوو رۆژ دەخایەنێ لەرۆژانى ١٠-١١ى نیسانى ٢٠١٩، ئەمەو کۆنفرانسەکە خۆى لە ٥٠ توێژینەوە دەنوێنێ بۆ ٥٦ توێژەر کە جگە لەتوێژەرەانى زانکۆکانى کوردستان، توێژەرانى ٩وڵات بەشدارى ئەو کۆنفرانسەیان کردووە.