
پ.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین لەگەڵ د.ئیدریس هادى سەرۆکى زانکۆى تیشکى نێودەوڵەتى لەهەولێر.
پ.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین، لەدیوانى سەرۆکایەتى زانکۆدا پێشوازى لە د.ئیدریس هادى سەرۆکى دەستەى ئەمینداران و سەرۆکى زانکۆى تیشکى نێودەوڵەتى لەهەولێر و شاندى یاوەرى کرد.
ئەمەو لەنێوەندى کۆبوونەوەیەکدا رێککەوتنێکیان ئەنجامدا لە نێوەندى یاداشتى لە یەکتر گەیشتن سەبارەت بە خوێندنى باڵا و ماستەر و بوارەکانى ئەندازیارى و بەڕێوەبردن و ئابوورى و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، هاوکات جەختیش لە هەماهەنگى کرایەوە بۆ زیاتر ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕاکان سەبارەت بە توێژینەوەکان لەسەر ئاستى بەرزى زانستى، ئەم رێککەوتنامەیەش لەچوارچێوەى هاوکارى کردنى نێوان زانکۆ حکومییەکان لەگەڵ زانکۆ تایبەتەکاندا دێ، تا لەهەموو روویەکەوە هەموو زانکۆکانى کوردستان لەهەموو بوارەکانى زانستدا ئاگادارى یەکتر بن لە هەموو روویەکەوە هاوکارى یەکتر بکەن، ئەمەش دواى ئەوە دێ، کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رەزامەندى لەسەر دەربڕیووە بۆ هاوکارى و هەماهەنگى نێوان زانکۆ حکومییەکان و زانکۆ تایبەتەکان، لەگەڵ ئەوەى ئەمە بۆ دووەم ساڵە ئەو رێککەوتنامەیە لەنێوان هەردوو زانکۆدا واژوو دەکرێ ، ئەوەى شیاوى باسە یاریدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى بەشدار بوون لەکاتى واژووکردنى رێککەوتنامەکە.