
دووەمین کۆنفرانسى پەروەردەیى کۆلیژى پەروەردە بنەڕتییەکان
بەئامادەبوونى د.جەوهەر فەتاح سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین بە وەکالەت، نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، نوێنەرى وەزیرى پەروەردە، دووەمین کونفرانسى پەروەردەیى بۆ کۆلیژە بنەڕەتییەکان لەهەرێمى کوردستان لەهۆڵى کۆچەر بیرکار لەسەنتەرى رۆشنبیرى بەڕێوە چوو، سەرەتاى کۆنفرانسەکە بەسروودى نیشتمانى دەستى پێکرد و لەپاشاند چەند وتەیەک پێشکەش کرا، سەرەتا وتەى راگرى کۆلیژى پەروەردەى بنەڕەتى تیایدا بەخێرهاتنى هەموو لایەک کرد بەبۆنەى سازدانى دووەمین کۆنقرانسى پەروەردە بنەڕەتییەکان، هاوکات د.جەوهەر فەتاح سەرۆکى زانکۆى سەلاحەددین بە وەکالەت، وتەیەکى پێشکەش کرد و تیایدا جەختى لەوە کردەوە کە ئەنجامدانى ئەو کۆنفرانسە یەکێکە لەو کۆنفرانسە گرینگانەیە کە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان بەڕێوە دەچێت، دیارە بۆ کۆلیژە بنەڕەتییەکان بایەخى زیاترە بەهۆى ئەوەى پێشکەوتنى هەموو کۆمەڵگەیەک لەجیهاندا پەیوەستە بە پەروەردە و رێگاکانى فێرکردن و پەروەردەکردنى نەوەکان، باسیشى لەوە کرد کە پێویستە چەند ساڵ جارێک گۆڕانکارى لە پرۆگرام و شێوازى فێرکردن بکرێ، تا خۆى بگونجێنێ لەگەڵ پێشکەوتنەکانى ئێستاى پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا.
لەلایەکى دیکەوە لەلایەن نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و نوێنەرى وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەر یەک لەلاى خۆیەوە وتەیەکیان پێشکەشکرد و هیوایان خواست پەروەردە لەهەرێمى کوردستان بگاتە ئەو ئاستە پێویستەى کە هاوشان بێ لەگەڵ پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا کە ئێستا لەهەموو جیهاندا پەیرەو دەکرێ.
لەپاشاندا بابەتێک لەلایەن عەبدولسەلام مەدەنى پێشکەشکرا و تیایدا تیشکى خستە سەر زۆرێک لەپرۆگرامە پەروەردەییەکان کە لەکاتى ئێستادا پەیڕەو دەکرێ.
هاوکات لەلایەن د.فەرهاد عەلى مستەفا بایەتێک پێشکەشکرا، لەپاشاندا تاوتۆیى توێژینەوەکان لەچەند هۆڵێکى جیاوازى سەنتەرى رۆشنبیرى بەڕێوە چوو، ئەوەى شیاوى باسە ئەم کۆنقرانسە دوو رۆژ دەخایەنێت لەرۆژانى 27-28 نیسان، بۆ رۆژى دووەمى کۆنفرانسەکە سەرەتا لەلایەن پ.د. کەریم شەریف قەرەچەتانى سمینارێک پێشکەشکرا، هەروا لەلایەن م. هەوران عەبدوڵڵا سەعید بابەتێک بەناونیشانى ناسنامەى سەنتەرى پەروەردەیى پیشەنگکارى سەلاحەددین پێشکەشکرد، لەدواتردا لەلایەن پ.د.کازم عمران مووسا سمینارێک پێشکەشکرا، هاوکات توێژینەوەکانى دیکەى کۆنفرانسەکە لە دوو هۆڵى جیاواز پێشکەشکرا، دواى تەواو بوونى کۆنفرانسەکە گەشتێکى مەیدانى بۆ قەڵاى هەولێر کرا ئەمەش لەژێر سەرپەرشتى مامۆستایانى پسپۆڕى مێژووەوە بوو.