
سەرۆکی زانکۆ لەکۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا لەسەر چۆنیەتی بەرێوەبردنی زانکۆ
بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەران و راگرانی کۆلیژەکان و ژمارەیەکی بەرچاوی لە مامۆستاو توێژەرانی زانکۆ، دووەمین کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بەهاوبەشی لەنێوان زانکۆی سەلاحەدین و کۆمەڵەی بەرێوەبردنی کاروباری زانستی عیراقی ئەنجام درا..
کۆنفرانسەکە کەلەژێر ناونیشانی (خوێندنی باڵای بەردەوام وەک دەروازەیەکی ستراتیژی بۆ بەرێوەبردنی زانکۆکان) دەستی بەکارەکانى کرد،تێیدا ژمارەیەکی زۆری مامۆستاو توێژەر سەرجەم زانکۆکانی عیراق و چەند زانکۆیەکی وڵاتانی عەرەبی ئامادەبوون،لە رێ و رەسمى دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا (د.ئەحلام ئیبراهیم وەلید – راگری کۆلیژی کارگێری و ئابوری زانکۆی سەلاحەدین) وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر تەوەرەکانی کۆنفرانسەکە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە کارگێری تاکە زانستە کە بەهۆیەوە دەتوانین بەشێوەیەکی راستەوخۆ کۆمەڵگە بەرەو پێشەوە بچێت.
هەروەها د. ئەحلام باسی لەشێوازی بەرێوەبردنی زانکۆی سەلاحەدین کرد کە چۆن لەرێگەی سیستەمێکی رێکخراوەوە هەموو لایەک لەبەرێوەبردنی کاروبارەکان بەشدار دەبن. پاشان سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین (د.ئەحمەد دزەیی) لەمیانەی ووتەیەکیدا بەخێرهاتنی مێوانەکانی کرد و ووتی (جێگەى شانازیە بۆ ئێمە کە دەبینین توێژەرانمان لەو هەموو کۆنفرانسە نێودەوڵەتیە بەشدار دەبن. هەروەها خۆمان بەخۆشحاڵ دەزانین کە کۆنفرانسێکی لەو شێوەیەمان رێکخستووە کە تایبەتە بە چۆنیەتی بەرێوەبردنی زانکۆ کە ئێستا پرسی بەرێوەبردن بووەتە یەکێک لەکێشە بنەرەتیەکانی هەموو دامەزراوەکان.) لەبەشێکی دیکەى قسەکانیدا ووتی ( ئێمە وەک زانکۆی سەلاحەدین لەسەر ئەو رێرەوە بەردەوام دەبین تا ئاستی خۆمان دەگەینینە زانکۆ پێشکەوتووەکان، هەروەها لەهەمان کات هەموو هەوڵێکی خۆمان چر دەکەینەوە بۆ ئەوەی زانکۆ پێداویستیەکانی کۆمەڵگە بەباشترین شێوە دابین بکات).
پاشان د.حەیدەر هەمزە (سەرۆکی کۆمەڵەی بەرێوەبردنی کاری عیراقی) کە هاوکات سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەکەش بوو،لە ووتەیەکیدا سوپاسی زانکۆی سەلاحەدینی کرد کە هەمیشە باوەشی خۆی بە چالاکیە ئەکادیمی و زانستیەکان دەکاتەوەو بەشێوەیەکی خێرا کارلێکی لەگەڵ دەکات. لە ووتەکەیدا باسی لە ڕۆڵی زانست کرد لە رووبەرووبونەوەی کێشەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەت کە ئێستا عیراق کێشەی زۆری هەیە لەبواری بەرێوەبردنەوە.
شایەنی باسە ئەم کۆنفرانسە کە لەلایەن کۆلیژی کارگێری و ئابوری زانکۆی سەلاحەدین سەرپەرشتی دەکرێت، بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبیت و تێیدا چەندین توێژینەوەو بابەتی پەیوەست بە بەرێوەبردنی زانکۆکان بەشێوەیەکی سەرکەوتوو.