
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد دزەیی لەگەڵ شاندێکی قونسولخانەى گشتی کۆماری چین لە هەولێر
لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدین، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد دزەیی پێشوازی کرد لە شاندێکی تایبەت قونسولخانەى گشتی کۆماری چین لە هەولێر. شاندی میوان بەسەرپەرشتی قونێولی گشتی کە لە ژمارەیەک پسپۆری تایبەت پێکهاتبوون خۆشحالی خۆیان دەربری لەسەر ئەو پێشوازیە زانکۆی سەلاحەدین لەبەرەوپێش چوونی پەیوەندیە دۆقۆڵیەکانی نێوان هەردولا. لە دیدارەکەدا بە چری باس لە چۆنیەتی کردنەوەى بەشی زمانی چینی لە کۆلیژی زمان کرا کە وا بریارە لە ساڵی نوێدا دەرگا بەرەو قوتابیان واڵا بکات و وەک یەکەم بەش لەسەر ئاستی عیراق دەست بە خوێندن بکات.
لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین ئەم بە خۆشحاڵیەوە باسی لەو هەنگاوە پربایەخەی زانکۆی سەلاحەدین کرد ووتی ((ئەمرۆ رۆژێکی خۆشە بۆ ئێمە کەلەگەل قونسولخانەى چینی باس لە کردنەوەی بەشی زمانى چینی دەکەین کە بێگومان بەبێ هاوکاری و هەماهەنگی کونسولخانەی چینی کردنەوەی ئەم بەشە ئاسان نابێت. بۆیە ئێمەوەک زانکۆی سەلاحەدین ئەوە بە پێویست دەزانین کە بەیەکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی میکانیزمێکی گونجاو دابنێین بۆ چۆنیەتی دانانی پرۆگرامی خوێندن و چۆنیەتی وەرگرتنی قوتابی لەو بەشەبە رەچاوکردنی ئەو تایبەتمەندیانەی زمانی چینی هەیەتی، چونکە وەک ئاشکرایە ئێمە یەکەم زانکۆ دەبین لەسەر هەرێمی کوردستان و عیراق کە بەشی زمانی چینی دەکەینەوە کە ئەمەش تەنها بە زانکۆیەکی گەورەی وەک زانکۆی سەلاحەدین دەکرێت))
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد دزەیی پێشوازی کرد لە شاندێکی تایبەت قونسولخانەى گشتی کۆماری چین لە هەولێر
لەلای خۆیەوە کونسولی گشتی کۆماری چین لە هەولێر ئەم رۆژەی بە یەکێک لە رۆژە گرنگەکان ناساند کە تێیدا دەرفەت دروست بووە کە بەشی زمانی چینی لە زانکۆیەکی رەسەنی وەک زانکۆی سەلاحەدین بکرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە ووتی (( بێگومان ئەمە هەنگاوێکی مەزنە لە پرۆسەی ئاڵوگۆری کەلتوری لەنێوان زانکۆکانی ووڵاتی چین و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، ئەم هەنگاوە گرنگەش هەماهەنگیەکی دۆستانەی باشە لەگەڵ خەڵکی کوردستان بۆ ئەوەی دەروازەیەکی پتەو دروست بکەین لە پەیوەندیەکانی نێوانمان)) درێژەی قسەکانیدا کونسولی چینی ووتی (( بەر لەوەی بێمە کوردستان پێیان ووتم کە لە هەولێر ئاراستەیەکی باش هەیە بۆ پێشکەوتن و بێگومان زانکۆی سەلاحەدینیش لەو بوارەدا رۆڵی زۆری هەیە، زانکۆی سەلاحەدین یەکێکە لە زانکۆ بەناوبانگەکان بۆیە شیاوترین زانکۆیە بۆ ئەوەی ببێتە یەکەم زانکۆ لەسەر ئاستی عیراق کە بەشی چینی بکاتەوە)) لە بەشێکی دیکەى ووتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵدەدەن بۆ دروست کردنی لیژنەیەک بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ زانکۆی سەلاحەدین بۆ سەرخستنی تەواوی کارەکان. لەم چوارچێوەیەدا ووتی (( ئێمە کۆمەڵێک مامۆستامان دابین کردووە هیوادارم بتوانین سەرکەوتوو بینلە دابینکردنی ئەو مامۆستایانە، چونکە ئێوە وەک زانکۆ سەلاحەدین بە دەستێک لایەنی کارگێری بەرێوەدەبەن و ئێمەش بەدەستەکەی تر مامۆستای زمانی چینی دابین دەکەین بۆیە بۆ سەرخستنی ئەم بەشە پێویستە هەردوولامان دەستمان لەناو دەستی یەک بێت))
پاشان سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین وەک ئامادەکاریەکانی زانکۆ ووتی (( ئێمە زانکۆیەکی گەورەمان هەیە بۆیە دڵنیاتان دەکەینەوە کە بۆ ساڵی تازە ئێمە باڵەخانەیەکی تازەتر و تایبەتتر بۆ ئەم بەشە دابین دەکەین بۆ ئەوەی لەگەڵ تایبەتمەندیەکانی بەشەکە بگونجێ،ئێمە پلانی ئەوەمان داناوە بۆ ئەم ساڵ ٢٥ قوتابی لەو بەشە وەربگرین و لە ساڵانی داهاتووش بەپێی پێویستی ئەم ژمارەیە زیاد دەکەین. هەروەها هەوڵدەدەین لە کەمپی زانکۆش شوێنی تایبەتی بۆ تەرخان بکەین، بەڵام وەک هەنگاوی سەرەتایی پێویستە لیژنەیەکی هاوبەش دروست بکەین بۆ ساڵی یەکەم، چونکە ئێمە هەندێک پرۆگرامی تایبەتمان هەیە لەچوارچێوەی سیستەمی نوێی خوێندن پێویستە ئەو پرۆگرامانەش لەو بەشەدا جێگەیانبۆ بکرێتەوە))هەر لەسەر هەمان بابەت سەرۆکی زانکۆ ووتی (( ئێمە لەماوەیەکی نزیکدا هەموو ئامادەکاریەکانی خۆمان تەواو دەکەین چونکە مەبەستمانە ئەم بەشە سەرکەوتوو بێت و ببێتە نمونەیەک بۆ هەموو زانکۆکان))
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین پێشنیارێکی خستە بەردەم شاندی میوان و ووتی (( ئێمە وەک زانکۆی سەلاحەدین بەوپەری خۆشحاڵیەوە پێشنیار دەکەین کە لە زانکۆکەمان چەند کورسیەکی تایبەت بۆ قوتابیانی چینی دابین بکەین بۆ ئەوەی لە زانکۆی سەلاحەدین درێژە بە خوێندن بدەن))لا خۆیانەوە شاندەکەی کونسولخانەی چین بە گەرمی پێشوازیان لەو پێشنیارەی زانکۆی سەلاحەدین کرد.
شایەنی باسە لە دەسپێکی ئەم ساڵی خوێندنی زانکۆیی بەشی زمانی چینی لە کۆلیژی زمانی زانکۆی سەلاحەدین دەکرێتەوەکە بەپێی پلانی سەرەتایی لە ساڵی یەکەمدا وا بریارە 25قوتابی وەربگیرێت لە رێگەى سیستەمی زانکۆ لاینەوە خوازیاران دەتوانن دەواکاری بۆ وەرگرتن لەو بەشە پێشکەش بکەن. هەروەها یەکێک لە ئەرکەکانی دیکەی ئەو بەشە کردنەوەی خولی زمانی چینیە بۆ سەرجەم خوازیارانی زمانی چینی.