
بۆ جارێکی دیکە زانکۆی سەلاحەدین پێشەنگە
بۆ جارێکی دیکە زانکۆی سەلاحەدین لەریزبەندیییەکانی زانکۆ جیهانییەکان بەگشتی و بەتایبەت لەریزبەندییەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەپێشەنگ ماوەتەوە، دیارە ئەمەش بەهۆی چالاکی بەردەوامە لەرووی بەرزکردنەوەی ئاستی زانست و توێژینەوەی بەردەوام، دواى ئەوەى پێگەی"Webometrics" كە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی ئاستی زانكۆكان لە جیهاندا، تیایدا هەریەک لە زانکۆى (سەلاحەدین) و (سلێمانی) لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، پێگەى بەرزتریان تۆمارکردوە، بۆ ئەم دەسکەوتەش، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لە پەیامێکدا دەستخۆشى لە ستافى زانکۆ و تەواوى مامۆستاو فەرمانبەر و قوتابییان و خوێندکارانى هەردو زانکۆ کرد، کە ئەمە دەقەکەیەتى:
بەڕێزان سەرۆک زانکۆکانى (سلێمانى) و (سەڵاحەدین)
بەڕێزان ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ
بەڕێزان مامۆستاو فەرمانبەرو خوێندکارانى خۆشەویست
جێگەی دەستخۆشی و دڵخۆشیمانە بەپێى ئەنجامى نوێترین زانیاری پێگەی" Webometrics"ی ئیسپانی كە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی ئاستی زانكۆكان لە جیهانداو بەپێی ئەو ڕیزبەندییە نوێیەی كە لەساڵی 2021 دا بڵاویكردوەتەوە، زانكۆی (سلێمانی) و زانکۆى (سەڵاحەدین) لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، پێگەى بەرزتریان لەنەخشەى ڕیزبەندى زانکۆکانى جیهاندا دەستەبەرکردەوەو لە پلەکانی پێشەوەدان، بەو بۆنەیەوە پر بەدڵ پیرۆزبایی لە ئێوەو سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و قوتابیانى ئازیزی زانکۆکانی سەڵاحەدین و سلێمانی دەکەم.
ئەم ئەنجامە ئەو ڕاستیە تەئکید دەکاتەوە کە سەرباری قەیران و کێشەو گرفتەکان، ستراتیژو روئیای وەزارەت و زانکۆکانمان بەر مەبنای نەخشە ڕێگەیەکی واقعی و زانستی ھەنگاو دەنێن، بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى و دامەزراوە ئەکادیمییەکانی بۆ سەر نەخشەی ئەکادیمیای ناوچەکەو جیھان.
لە کۆتایدا جارێکی تر پیرۆزبایی گەرم لە خۆمان و زانکۆی (سلێمانی) و (سەڵاحەدین) و کۆمەڵگەی ئەکادیمی کوردستان دەکەم.
هەمیشەو شادو سەرکەتوو بن...
د. ئارام محمد قادر
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی