
پ.د.کۆچەر بیرکار لە ۆرکشۆپێکدا لە زانکۆى سەلاحەددین
بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایانى زانکۆى سەلاحەددین و زانکۆکانى کوردستان ۆرکشۆپێک بۆ بوارى بیرکارى – ماتماتیک لەهۆڵى سمینارى سەنتەرى رۆشنبیرى سازکرا، تیایدا سەرەتا پ.د.کۆچەر بیرکار وەک زانایەکى کورد لەبوارى ماتماتیک سمینارێکى لەبوارى بیرکاریدا پێشکەشکرد و تیایدا باسى ئەو داهێنانەى کرد کە بەهۆیەوە خەڵاتى جیهانى وەرگرتووە، باسەکەى جێگەى سەرنجى ئامادەبووان بوو، بۆیە لەکۆتایدا پرسیارێکى زۆر کرا ئەویش یەکە یەکە وەڵامى پرسیارەکانى دایەوە، سمینارەکەى کۆچەر بیرکار وەک سەرەتایەک بوو بۆ ۆرکشۆپەکە، ئەمەو لەنێوەندى ئەم ۆرکشۆپەدا ٣٠ سى توێژەر بە باسەکانیان بەشدارى ئەو ۆرکشۆپە دەکەن، هەموو بابەتەکانیش لەچوارچێوەى بیرکارى – ماتماتیکدا دەخولێتەوە، ئامادەبووانى ئەم سمینارانەش زیاتر مامۆستایانى ماتماتیک و فیزیا و کۆمپیوتەر بوون، هەر لەوێدا باسیان لەمێژووى بەشەکانى بیرکاریان کرد لەکوردستان، کە لەپاش راپەڕینە مەزنەکەى کوردستان لەساڵى ١٩٩١ دا بەهۆى ئەوەى زۆربەى مامۆستایان خەڵکى دەرەوەى کوردستان بوون، بۆیە زانکۆى سەلاحەددینیان جێهێشت، بەڵام بەهۆى زانستپەروەرى چەند مامۆستایەک تواندرا بۆ دووبارە بەشى بیرکارى – ماتماتیک لەکاردابێ و قوتابیان بۆ ئەو بەشە وەربگرێ، دیارە بەرهەمى بوونى هەموو بەشەکانى بیرکارى لەزانکۆکانى کوردستان لەسەر دەستى چەند مامۆستایەک بۆ دووبارە زیندوو کرایەوە و ئێستاش سەدان دەرچووى لەو بوارەدا هەیە، سەرەڕایى ئەوەى هەڵگرى بڕوانامەى باڵا لەبوارى بیرکاریدا ئێستاش لە کوردستاندا توانیویانە جێ پەنجەى خۆیان دیارى بکەن، ئەوەى شیاوى باسە ئەم ۆرکشۆپە ماوەى (٢) دوو رۆژ دەخایەنێت.