
بەشدار بووانی یەكەمین خولی راهێنانی پێداگۆجی بروانامەی دەرچوونیان پێبەخشرا
لە مەراسیمێكی تایبەتدا بە چاودێری بەرێز (د.ئارام محمد قادر) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، (93) دەرچووی یەكەمین خولی راهێنانی پێداگۆجی (سەنتەری پێداگۆجی هەولێر- بنكەی زانكۆی سەلاحەدین) بروانامەی دەرچوونیان پێدرا.
لە دەسپێكی مەراسیمەكەدا سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین دكتۆر ئەحمەد دزەیی لە میانەی ووتارێكیدا تیشكی خستە سەر گرنگی ئەو خولە لە ریفۆرمی شێوازی وانە ووتنەوە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان. ئەوەشی راگەیاندن كە سوپاسی وەزارەتی خویندنی باڵا دەكات بۆ دەستنیشان كردنی زانكۆی سەلاحەدین بۆ بەرێوەچوونی ئەم مەراسیمە. هەر لە میانەی ووتارەكەیدا باسی لەوە كرد كە زانكۆی سەلاحەدین كە دەستپێكی خولەكانی رێگاكانی وانە ووتنەوەی بۆ دەگەرێتەوە، لە هەموو قۆناغەكان گۆرانكاری پێویستی لەم خولانەدا ئەنجامداوە بۆ ئەوەی لەگەل پێشكەوتنەكانی سەردەم بگونجێ، ئێستاش كە ئەو گۆرانكاریە كراوە لە رێگاكانی وانە ووتنەوە، زانكۆی سەلاحەدین بەو پەری ئامادەباشیەوە خولەكانی بەرێوەبرد، ئێمەش سەربەرزین بە ج دەرچووانی یەكەمین خول كە بەم شێوازە سەردەمیە ئامادەكراون بۆ ئەوەی لە ناوەندەكانی خوێندنی زانكۆیی پراكتیكی زانستەكانیان بكەن.
پاشان دكتۆرئامانج (نوێنەری وەزیری خویندنی باڵا) بەناوی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە ووتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا سوپاسی زانكۆكانی كرد كە بوونەتە مایەی جێبەجێكردنی یەكێك لە خەونە گەورەكانی وەزارەت ئەویش ریفۆرمی شێوازی وانە ووتنەوەیە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان. ئەوەشی دووپاتكردنەوە كە هەر لە سەرەتاوە زانكۆكان ئەم پرۆژەیان بە هی خۆیان زانی بۆیە هەموویان بەشداربوون لە سەرخستنی گرنگترین پرۆژە لە بواری خوێندنی زانكۆییدا. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەش كرد كە هیوادارە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیە فراوان بكرێتەوەو كەرتی پەروەردەش بگرێتەوە بۆ ئەوەی ریفۆرمی خوێندن و فێركرندن لەسەر ئاستێكی گەورەی حكومەتدا كاری لەسەر بكرێت.
لە بەشێكی دیكەی مەراسیمەكەدا دكتۆركارمەند (بەرپرسی پێداگۆجی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا) پانێلێكی بەرێوەبرد بۆ چوار دەرچووی یەكەمین خولی راهێنانی پێداگۆجی، بۆ ئەوەی باس لە ئەزموونی سەركەوتوویی و گرنگی ئەم خولە بكەن.