
لە رێككەوتی 5 تاكوو 9ی 11ی 2024، لوتکەی زانستی جیهانی لادانی بەربەستەكان (Falling Walls Science Summit) لە بەرلین بەرێوەچوو، كە تیایدا بەسەدان گەنجی داهێنەر لە سەرانسەری جیهان بەشداربوون، لە نێویاندا سێ گەنجی داهێنەری كورد بە ناوەكانی (لاڤا محمد)، (ئەحمەد هادی) و (هاڕون یونس) بەشداریان كرد و بیرۆكە داهێنەرەكانیان خستەڕوو.
لەمیانی پێشبركێ لەناو 74 لاپی جیاوازدا بەشداربوویەكی كورد لە شاری هەولێر براوە بوو، هاوكات لەسەر ئاستی براوەكانی 58 وڵاتی جیاواز یەكێكیان كورد و شاری هەولێر بوو.
زانكۆی سەلاحەدین وەك تاكە هاوبەشی زانستی Falling Walls Lab Erbil لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا، لە رێككەوتی 5ی 9ی 2024، لە هۆڵی كۆنفرانسی هایتێكس چالاكی لادانی بەربەستەكان Falling Walls Lab Erbil لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بە هاوبەشی Open Space Academy ئەنجامدا كە لەلایەن لێژنەیەكی زانستی 16 بیرۆکەی داهێنەرانە پەسەندكرا بوون بۆ پێشكەشكردن، لە كۆی 60 بیرۆكە كە لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ بەشداری لە چالاكیەكە نێررابوون، لەكۆتایدا یەكەم، دووەم و سێیەم ڕاگەیەنرا، كە براوەكان دەرفەتێكی گرنگیان بۆ ڕەخسا تاكوو لە بەرلین - ئەڵمانیا بەشداری لە لوتکەی زانستی جیهانی لادانی بەربەستەكان بكەن و بیرۆكەكەیان لەسەر ئاستی جیهانی پێشكەش بكەن.
لە لوتکەی زانستی ئەمساڵدا زیاتر لە 2400 كەسی داهێنەر لە 104 وڵات و لە زیاتر لە 300 زانكۆ و دامەزراوەی زانستی جیاوازەوە بەشداریان كردبوو، کە پێشکەوتنە زانستییە داهێنەرەکانیان و دەستپێشخەرییە کاریگەرەکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا پیشاندا.