
کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی لە بارەی زمان و وێژەی کوردی لە شاری سنە
بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە و دکتۆر شێروان ێالح یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بۆ کاروباروباری قوتابیان و خوێندن و دکتۆر عاتف فەرهادی راگری کۆلێژی زمان و ژمارەیەک بەرچاو لە مامۆستایانی (٢٠) زانکۆ لە هەرێمی کوردستان و تورکیاو ئێران، زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر بە هاوبەشی زانکۆی کوردستان لە شاری سنەو زانکۆی راپەڕین دووەمین کۆنفڕانسی هاوبەشی نێودەوڵەتی لە بارەی توێژینەوەی زمان و وێژەی کوردی و فارسی سازکرد.
لە سەرەتای کۆنفڕانسەکەدا سەرۆکی زانکۆی کوردستان وتاری بەخێرهاتنی پێشکەشکردو ستایشی ماندووبونی میوانانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ شاری سنە، پاشان هەر یەکە لە نوێنەرانی زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی راپەرین وتاریان پێکەشکرد، پرۆفیسۆر دکتۆر شێروان ێالح خدر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و خوێندن کە نوێنەرایەتی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدینی دەکرد لە کۆنفڕانسەکەدا لە بەشێکی وتارەکەیدا راگەیاند: ئەنجامدانی کۆنفڕانس و کۆنگرەو کۆبونەوەی زانستی، لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی زانکۆکانەو پێکەوە کاردن و هاوبەشیکردن لە چالاکی ئەکادیمی و زانستی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بایەخی زۆری هەیە، بەتایبەت لە ئاڵوگۆڕی ئەزموونی هاوبەشی نێوان زانکۆکان، ئەمڕۆش هەموومان لێرە کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەیە لە بواری زمانناسی و وێژەو فۆڵکلۆری کوردی، کەڵک لە ئەزموونی زانستی یەکتری وەربگرین و شتێکی دیکە بخەینە سەر زمانی کوردی لە روانگەی زانستییەوە.
شیاوی گوتنە شاندێکی زانکۆی سەلاحەدین لەبەر گرینگی و بایەخی کۆنفڕانسەکە لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداربوون، ماوەی دوو رۆژی خایاند (٤٠) توێژینەوەی زانستی لە نێویدا (٧) توێژینەوەی مامۆستایانی زانکۆی سەلاحەدین و (٢٠) توێژینەوە لە شێوەی پۆستەر لە (٢١) زانکۆ لە ١٥ پانێڵی جیاواز پێشکەشکران، بڕیاریشە ساڵی داهاتوو لە ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٠ سێیەم کۆنفڕانس لە زانکۆی سەلاحەدین بەڕێوە بچێت.