لە رۆژی ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٥ لە گشت کۆلێژەکانی زانکۆی سەلاحەدین رۆژی ئاڵای کوردستان بەرز راگیرا، هەمان ررۆژ لە تەلاری سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدین بە ئامادەبونی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی و گشت بەرێوەبەران و کارمەندانی زانکۆ، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا رێز لە رۆژی ئاڵای کوردستان گیرا، لە دوای هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی بەم بۆنەیەوە پێشکەشکرد، کە پیرۆزبایی لە ئامادەبوانکردو رۆڵی پێًشمەرگە قارەمانەکانی لەبەرەکانی جەنگ بەرزنرخاند، ئەوەشی گوت کە رۆڵی زانکۆ لە بەردەوامیدانی خوێندن هیچی کەمتر نییە لە پاراستنی کوردستان، سەرۆکی زانکۆ ئەو دەرفەتەشی قۆزتەوە کە دەستخۆشی لە مامۆستایان و کارمەندانی زانکۆ بکات و پیرۆزباییان لێبکات بە بۆنەی بوونی زانکۆی سەلاحەدین وەک سەرقافڵەی زانکۆکانی کوردستان لە پڕۆسەی ریزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.
شیاوی باسە رۆژی ئاڵای کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی ١٧-١٢- ١٩٤٥ بەرامبەر ٢٦ی سەرماوەزی ٢٦٤٥ هەتاوی، کەى لە مەڕاسمێکی بە شکۆو بە ئامادەبوونی پێشەوا قازی محەمەد و مەلا مستەفای بارزانی سەرکردەی نەتەوەیی کورد و شۆڕشگێڕانی هەموو پارچەکانی کوردستان، ئاڵای کوردستان بە رەسمی هەڵکرا، ئاڵاکە کاتژمێر( ١٠) بەیانی لە مەیدانی چوارچرا لەسەر شانی شەهید کەریمی نازمی لە ناو ئاپۆڕای جەماوەر دا بەرەو ئەو باڵەخانەی کە بە خۆشیەوە ئێستاش ماوە، گوێزرایەوە و لەسەر بانی باڵەخانەکە لە ناو دەربڕینی هەستی شادی هەزاران کەس و قرمەی تفەنگی سەدان بڕنۆ هەڵکرا هەر دوا بە دوای هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە مەهابادی پایتەختی کۆماری کوردستان، لە سەرجەم ئەو شارو ناوچانەی کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی شای داگیرکەر دابوون ئاڵای کوردستان هەڵکرا، پاش ئەوەی حکومەتێکی کوردی دامەزرا لە باشووری کوردستان بە بڕیاری ژمارە(٢٦) لە ١١/ ١١/ ١٩٩٩ پەرلەمانی کوردستان بە یاسای ژمارە( ١٤) ساڵی ١٩٩٩ ـ یاسای ئاڵای هەرێمی کوردستان- عێراق لە (١٠) ماددە پێکهاتووە دەرکرد.
دوای ئەو یاسایە بە بڕیاری ژمار(٤٨) پەرلەمان١٩/٦/٢٠٠٩ رۆژی ١٧-١٢ی هەموو ساڵێک بە رۆژی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان دانرا.
بەروار :٢٠١٥/١٢/١٧