بەئامادەبوونی راوێژکاروبەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی و سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و نوێنەری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ و ئەنجومەنی کۆلێژەکان،لەسەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆ مەڕاسیمێک بۆ زیندووکردنەوەی رۆژی شەهیدی زانکۆیی بەڕێوەچوو.لەو مەڕاسیمەدا هەر یەک لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و بەرەڤان حەمدی بەڕێوەبەری گشتی لەوەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وتەیان پێشکەشکرد. سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لە بەشێکی وتەکەیدا ئاماژەی بە تاوانی نامرۆڤانەی بەعس دا و گوتی: دوژمنانی کوردستان جگە لە تیرۆری جەستەیی و مەعنەوی هەوڵیاندا لەم رۆژدا تیرۆری عەقڵ و زانست و کلتوری نەتەوەی کورد بکەن و نەهێڵن زانست و پێشکەوتن لە کوردستان گەشە بکات، بەڵام وا دەبینین ئێستا خوێندنی باڵا چۆن پەرەی سەندووەو نزیکەی سی زانکۆ لە کوردستان بوونی هەیە و لە گەشەسەندن بەردەوامە. هەروەها دکتۆر ئیدریس هادی وەزیری پێشووتری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وەک شایەتحاڵێکی ئەو رووداوە کە لەو سەردەمەدا قووتابی زانکۆی سلێمانی لە قەڵادزێ بووە، سەرگوزشتەی رووداوەکەو شێوازی ئەو هێرشە دڕندانەیەیی فڕۆکەکانی رژێمی بەعسی گێرایەوە کە کرایە سەر شاری قەڵادزێ. هەر لە مەڕاسیمەکەدا چەندین شیعرو پەخشان و فلیمی دیکۆمێنتاری پێشکەشکران. هەروەها نوێنەری مامۆستایانی زانکۆی سەلاحەدین پێشنیارێکی دایە سەرۆکی زانکۆ تا ساڵی ئایندە لە رۆژی شەهیدی زانکۆیی دا ئەنجومەنی زانکۆی سەلاحەدین ئەم یادە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەنجومەنی زانکۆی راپەرین لەسەر گۆڕی شەهیدانی ٢٤/٤/١٩٧٤ و ٢٤/٤/١٩٨٢ بکاتەوەو سەرۆکی زانکۆش پێشنیارەکەی قبوڵ بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو رۆژی شەهیدی زانکۆی لە ٢٤/٤/٢٠١٦ لە قەڵادزێ زیندوو بکرێتەوە. شیاوی باسە ٤١ ساڵ لەمەوبەر لە کاتژمێر(٩،٤٥) سەر لەبەیانی رۆژی ٢٤-٤-١٩٧٤ زیاتر لە (٤-٦) فڕۆکەی جەنگی لە جۆری سیخۆی Sukhoiدروستکراوی رووسی بە بۆمبی جۆری (ناپاڵم)ی (٥٠٠)ی کیلۆگرامی دروستکراوی هیندستان بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی بۆ یەکەمینجار لە زانکۆ و شاری قەڵادزێی مەڵبەندی شۆڕشی کوردستان تاقیکردەوە، لە ئاکامدا (١٣٢) هاووڵاتی لە قوتابی و خەڵکی بێگوناهی ئەو شارەو زانکۆی سلێمانی ئەوسایان شەهیدکردو زیاتر (٣٥٠) بریندار بوون.
بەروار :٢٠١٥/٤/٢٧