ئامادەبونی نوێنەری هەرپێنج پارتە سیاسییەکەی بەشداربووی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دکتۆر ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان و نەتەوەو ئاینەکانی دیکەی کوردستان و مامۆستایانی زانکۆو شارەزایانی بواری دەستووری و ئەکادیمیەکانی زانکۆکانی دیکەی کوردستان لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێری پایتەختی کوردستان، زانکۆی سەلاحەدین کۆتایی بە دیدارێکی ئەکادیمی و سیاسیەکەی خۆی هێنا کە بەناونیشانی پێناو دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان سازکرابوو.لە کۆتا پانێڵیشدا گفتوگۆیەکی کراوە بۆ پێنج لایەنی سیاسی کوردستان رێکخرا بە ناونیشانی هەڵوێستی پارتە سیاسیەکان لە سەر پڕۆژە دەستووری هەرێمی کوردستان خرایە ڕوو، دواتر لە لایەن لێژنەی ئامادەکاری دیدارەکەدا بەیاننامەی کۆتایی بڵاوکرایەوە کە لە بەشێکی بەناننامەکەدا هاتووە: دوایی دوو رۆژ لە گفتووگۆی چڕوپڕ لەسەر تەوەرە جیاجیاکانی دەستورێک بۆ داهاتووی کوردستان پێویستە لە کۆتاییدا چەند خاڵێک هەیە بە کورتی بیخەینە روو:
١. لەکۆی دوو ڕۆژی دیدارەکەدا ٦ پانێڵ بەڕێوەچوو، لەهەر پانێڵێکدا چەند تەوەرێک بەپێی ڕیزبەندی دەروازەو مادەکانی پڕۆژەی دەستووری ساڵی ٢٠٠٩ خرانە بەر باس وگفتوگۆی کەسانی ئەکادیمی و سیاسی و پسپۆڕی جیاجیا بە بەشداری نوێنەری پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.
٢. دوایی گفتۆگۆکردن لە سەر هەموو تەوەرەکان بۆمان دەرکەوتووە کە پڕۆژەی دەستووری پەسەندکراویی هەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠٠٩ چەندین هەڵەی زمانەوانی وکەموکوڕی یاسایی و سیاسی لە خۆدەگرێت، داخوازیەکی بەرفراون هەیە کە لێژنەی دەستبەکاربوو بۆ دەستووری نوێی هەرێمی کوردستان چارەسەریان بکات ودەستوورێکی تۆکمەتر دابنرێت.
٣ زۆربەی زۆری ماددەکانی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠٠٩ قسەی لەسەرکرا، بەلڵام ئەو ماددانەی کە زۆرترین قسەو ڕەخنە وتێبینیان لە سەر خرایەڕوو، بەکورتی ئاماژە بە ژمارەی ماددەکان دەکەین ماددەکانی (١، ٢، ٣، ٥، ٦، ٨، ٩، ١٢، ١٨،١٩، ٢٣، ٣١، ٣٢، ٣٤، ٣٥، ٤١، ٥٠، ٥٣، ٥٦ ، ٦٥، ٧٤، ٧٧، ٩٨، ١٠١، ١٠٢، ١٠٦، ١٠٧، ١٠٩ ) وە چەندین ماددەی دیکە و دێباجەی پڕۆژەکە کە ڕەخنەی لەسەرە.
٤. تێبینی زۆر سەبارەت بەبوونی ژمارەکانی ناو پڕۆژەی دەستوری هەرێم ساڵی ٢٠٠٩ و وابەستەکردنی ماددەکانی ئەم پڕۆژەیە بە ماددەو بڕگەکانی دەستووری فیدڕاڵی عێراق ساڵی ٢٠٠٥ خرانەڕوو.
٥. تێبینی زۆر سەبارەت بە پڕۆژەی دەستووری هەرێم ساڵی ٢٠٠٩ خرانەڕوو کە ڕەنگدانەوەی واقعە و دنیابیبی بۆ داهاتوو لاوازە.
٦. تاوەکو ئەمڕۆ چەندین پرسیار هەیە کە دەبێت لێژنەی نوێی دەستووری هەرێمی کوردستان یەکلایی بکاتەوە لەوانە:
- ئایا دەستووری داهاتوو تەنها بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت یان بۆ ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمیش دەبێت؟
- چۆن سنووری جوگرافی و سیاسی هەرێم لەم کاتەدا دیاریدەکرێت لەکاتێکدا مادەی ١٤٠ لەکارکەوتوە.
- ئایا دەستووری داهاتووی کوردستان پەیڕەوی سیستەمی پەرلەمانی دەکات یان شیوازێکی دیکە دەبێت؟
- چۆن دەستووری نوێ پێناسەی ناسنامەی سیاسی و یاسایی کوردستان دەکات لە ناوخۆ ودەرەوەی کوردستان؟ وچەندین پرسیاری دیکە.
شیاوی باسە دیداری زانکۆی سەلاحەدین لە پێناو دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان ماوەی دوو رۆژی خایاند، کە شەش پانێڵی جیاوازی جیاوازی لە خۆگرتبوو هەر پانێڵێک چوار تەوەرەی تێدا باس کرا. پانێڵی یەکەم بەناونیشانی بنەماکانی پڕۆژەی دەستووری کوردستان کە تەوەرەکانی بریتی بوون لە قۆناغەکانى داڕشتنى دەستوور لە هەرێمى کوردستان، بنەماکانى سیستەمى سیاسی هەرێمى کوردستان، بنەماکانى دیموکراسیەت و مەدەنیەت، پێگەى ئیسلام لە پڕۆژەى دەستوورى کوردستان. هەروەها پانێڵی دووەم بەناونیشانی چۆنێتى ڕێکخستنى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستانە کە لە تەوەرەکانی سنووری جوگرافی و سیاسی هەرێمى کوردستان، پەیوەندى دامەزراوەیی لەگەڵ دەسەڵاتە فیدڕاڵیەکانى عێراق، پەیوەندى یاسایی لەگەڵ دەسەڵاتە فیدڕاڵیەکانى عێراق، پەیوەندیەکان لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى پێکدێت. پانێڵی سێیەم بەناونیشانی ماف و ئازادییە مەدەنى و سیاسیەکان لە دەستوورى کوردستان کە تەوەرەکانی ڕێکخستنى ماف و ئازادیەکان، ماف و تایبەتمەندییەکانى نەتەوەى تورکمان، ماف و ئازادیەکانى پێکهاتەى سریانى، کلدانى، ئاشورى، ماف و ئازادی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانى تر لەخۆگرت. هەروەها لە رۆژی دووەمدا سێ پانێڵی تر بەرٍِێوە چوو کە پانێڵی یەکەم بەناونیشانی ڕێکخستنى دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان کە تەوەرەکانی بنەماى لێکجیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان، دەسەڵاتى یاسادانان لە دەستوورى کوردستان، دەسەڵاتى جێبەجێکردن لە دەستوورى کوردستان، دەسەڵاتى دادوەرى لە دەستوورى کوردستان تێدا باس کرا. پانێڵی دووەم بەناونیشانی دەستە و کارگێڕییەکان لە دەستوورى کوردستانە کە تیشک خرایەسەر تەوەرەکانی بنەماى لامەرکەزى و کارگێڕییە خۆجیێیەکان، دەستە وکۆمیسۆنە سەربەخۆییەکان، ڕێکخستنى حوکمە دارایی و ئابوورییەکان، ڕێکخستنى سەرچاوە و سامانە سروشتیەکان. هەرچی پانێڵی سیێەم کۆتایی بوو لە کەشێکی گەرمی سیاسیدا بەڕێوەچوو کە هەریەکە لە جەعفەر ئیمینکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ئاکۆ حەمە کەریم رێکخەری ژووری توێژینەوەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان و محەمەد رەئووف سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و محەمەد کەریم وتەبێژی کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان بەشداربوون کەتیایدا بۆچونی حیزبەکانی خۆیان لەسەر پڕۆژە دەستووری هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
بەروار :٢٠١٥/٥/٢٢