بە ئامادەبونی دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆو خانەوادەی قوتابیان کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆی سەلاحەدین بەناونیشانی پەروەردەی دروست، نەوەی بەهرەمەند پێدەگەیەنێت، فیستیڤاڵی رۆژی کۆلێژی سازکرد. لە فیستیڤاڵەکەدا هەریەکە لەدکتۆر ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و دکتۆر هیمداد عەبدولقەهار راگری کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی وتاریان خوێندەوە، سەرۆکی زانکۆ دەستخۆشی لە راگرایەتی کۆلێژکردو ئاماژەی بەوەدا کە زانکۆ زۆر بە بایەخەوە کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو کۆلێژە دەکات و ئایندەی دەرچووانیشیان زۆر روونە، پاشان چەندین چالاکی هەمەجۆر لە خوێندنەوەی شیعرو پەخشان و نمایشی شانۆیی و کورتە فلیمی جوگرافی و مێژوویی و پەروەردەیی و حەیران و ئەسپسواری و پێشکەشکران، هەر لە فیستیڤاڵەکەدا سەرۆکی زانکۆ چەند پێشانگایەکی جۆراوجۆر بەشە زانستیەکانی کردەوە کە گوزارشتیان لە چالاکی زانستی قوتابیان و مامۆستیان دەکرد. شیاوی باسە ئەو فیستیڤاڵە لەسەر ئاستی بەشە زانستیەکانی زمانی ئینگلیزی و زمانی کوردی و ماتماتیک و کۆمەڵایەتی و زانستی گشتی و باخچەی ساوایان ئامادەکاری بۆ کرابوو کە خۆی لە چالاکی کەرەستەو کەلوپەلی کلتووری ژیانی رابردووی کوردەواری و هەڵپەڕکی کوردی و ئامادەکردنی خواردنی دێرینی کوردی و هەڵواسینی پۆستەر تایبەت بە چالاکی زانستی ماتماتیک و ژینگەو فیزیک و کیمیاو نمایشی خواردن و میوەوشیرنی و کاری تەڕدەستی و پۆشینی جلوبەرگی کوردی چەندنی چالاکی جۆراو جۆری دیکەی تایبەت بە بەشە زانستیەکان. لە فیستیڤاڵەکەدا چالاکی هەڵمەتی کتێب بەخشین ئەنجامدرا کە لەلایەن قوتابیان و مامۆستایان و میوانانی ئامادەبوو کتێبی زانستی بەسوود پێشکەش بە کتێبخانەی کۆلێژەکە کران، لەلایەکی دیکە بۆ دووەمین ساڵ و بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی زانکۆ دیداری بەخێوکارانی قوتابی بەڕێوەچوو کە یەکێک لە خانەوادەوی قوتابی لە هۆڵێکدا لەگەڵ مامۆستایانی کۆلێژ گفتوگۆیان دەکرد سەبارەت بە ئاستی قوتابیەکەو پەیوەندی لەگەڵ مامۆستایان و ئیدارەی کۆلێژەکە.
بەروار :٢٠١٥/٥/١٠