زانکۆی سەلاحەدین بە هاریکاری ئەکادیمیای کۆڕەک لە سەنتەری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی بە ئامادەبونی وەزیری خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی و سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاتوێژینەوەی زانستی و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و راگرانی کۆلێژەکان بەناونیشانی (هێزە ستراتیژییەکانی ژیری هەست خوێندنەوە بۆ دروستکردنی سەرکردە) وۆرکشۆپێکی رێکخست، لە دەستپێکی وۆرکشۆپەکە دا وەزیری خوێندنی باڵاتوێژینەوەی زانستی و سەرۆکی زانکۆ وتاریان خوێندنەوە.
سەرەتا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی بالا و توێژینەوەی زانستی لە وتارێکدا دوای دەستخۆشیکردن لە سەرۆکایەتی و سەرۆک و ستافی زانکۆی سەلاحەدین بۆ ڕێکخستنی ئەو کۆرسە، ڕاگەیاند: ڕێکخستنی ئەو کۆرسە لە کاتێکدایە کە پێویستی زۆرمان بەوەیە بەشێوازێکی زانستی و ئەکادیمی دامەزراوەکانمان بەڕێوەبەرین، ڕونیشیکردەوە بەهۆی ئەو گۆڕانکاریانەی کە ڕۆژ دوای ڕۆژ لە سیستمی بەڕێوەبەردن ڕویداوە، پێویستە ئێمەش کەلتوری بەڕێوەبردنمان گۆڕانکاری بەسەردا بێت، بەشێوەیەک لەگەڵ گۆڕانکارییە زانستی و ئەکادیمیەکانی سەردەمەکەدا بگونجێ، چونکە بەو شێوە بەڕێوەبردنەی ئێستا ناتوانین لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان خۆمان بگونجێنین و ڕێبەرایەتی کۆمەڵگە بکەین و ئامانجە درێژخایانەکانمان بەدەست بهێنین.
هەر لەو کۆرسەدا د.ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین وتەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند : ئەم کۆڕسە بۆ سەرۆکی زانکۆ و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلێژەکان و بەڕێوەبەری تۆماری زانکۆی سەڵاحەددین، ڕونیشیکردەوە ڕێکخستنی ئەم کۆرسە لە چوارچێوەی ئەو ڕیفۆرمەدا دێت کە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کاری لەسەر دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و بەڕێوەبردن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە وەک چۆن لە ڕابردودا کۆرس و خولی ڕاهێنانیان بۆ ستافی زانکۆ و کۆلێژ و بەشەکان کردۆتەوە، بەهەمان شێوە لە داهاتوشدا ئەو جۆرە خولانە بەردەوامیان دەبێت بۆ باشتر بەڕێوەبەردنی زانکۆ بەشێوەیەک لە ئاست گۆڕانکارییەکانی سەردەمدا بێت.
لەو کۆرسەدا کە ماوەی یەک ڕۆژ بەردەوام دەبێت لەلایەن د.شەریف باجۆ ڕاهێنەری باوەڕپێکراو(NIP) و بەڕێوەبەری ئەکادیمیای کۆڕەک چەند بابەتێکی زانستی و مەیدانی لەبارەی پڕۆگرامەکانی (بەڕێوەبردنی ڕاهێنان، هەڵسەنگاندنی کەسایەتی، گەشەپێدانی سەرکردایەتی، خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری و ڕاهێنان) پێشکەش بکرێت، هەروەک ئامانج لە ڕێکخستنی کۆرسەکە بریتیە لە تیشک خستنەسەر زانستی ژیری هەست خوێندنەوە (EI)، لەهەمان کاتدا بەشداربوان ئاشنا دەکرێن بەبنەما گرنگەکانی ژیری هەست خوێندنەوەو، ئەو توانا کارامەییانەی کە سەرکردە دیارەکان لە کەسانی ئاسایی جیا دەکاتەوە.
بەروار :٢٠١٦/١/١٤