لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەلاحەدین بە ئامادەبونی دکتۆر پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەو وەزیر خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی بە وەکالەت و دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و دکتۆر نوری هەرزانی بەڕێوەبەری گشتی پشکنین و دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی و مامۆستا ئاراس نەجمەدین بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردە و راگران و سەرۆک بەشەکانی هەردوو کۆلێژی پەروەردەی زانکۆکانی سەلاحەدین و کۆیەو سۆران و پسپۆڕان و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردە، وۆرکشۆپێک بۆ هاوتەریبکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن لە کۆلێژەکانی پەروەردەی بنەڕەتی- پەروەردە لە زانکۆکانی کوردستان لەگەڵ پڕۆگرامەکانی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە بەڕێوەچوو. ئامانج لەو ئەنجامدانی ئەو وۆرشکۆپە ئەوەیە پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەکانی هەردوو کۆلێژی پەروەردە و پەروەردەی بنەڕەتی بکرێت لە گشت زانکۆکان بۆ ئەوەی لەگەڵ پڕۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردە هاوتەریب و هاوگونج بێت. لە سەرەتای مەڕاسیمەکە هەر یەکە دکتۆر ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و دکتۆر پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەو وەزیر خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی بە وەکالەت، هەروها هەریەک لە سەرۆکی لێژنەی هاوتەریبکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن لە زانکۆکانی کوردستان و وەزارەتی پەروەردەو بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردەو راگری کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی بەناوی لێژنەی ئامادەکاری وتاریان خوێندنەوە. هەرکەیان جەختیان لەسەر بایەخدان بە خوێندنی پەروەردەیی و کۆلێژەکانی پەروەردەو پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆکان کردووە لە پێناو دروستکردنی نەوەیەکی پڕ هەگبەی زانستی سەردەم تا بتوانن پەروەردەیەکی تەندروست بهێننەکایەوە، ئەوەش بە هەماهەنگی نێوان زانکۆکان و وەزارەتی پەروەردە دەکرێت. بڕیاریشە بڕیارو راسپاردەکان بدرێن بە لێژنەی باڵا لە هەردوو وەزارەت تا بخرێنە بواری کرداری لە ساڵی داهاتوودا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی پڕۆگرامی خوێندن لە هەردوولادا هاوگونج بن.
بەروار :٢٠١٥/٧/٧