بە چاودێری رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدروشمی بەرخودانی پێشمەرگە هەوێنی سەربەخۆبوونمانە لە یاریگەی نێودەوڵەتی شەهید فڕەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر، زانکۆی سەلاحەدین ئاهەنگی خولی (٣٤)ی دەرچووانی سازدەکات و بڕوانامە بەسەر لە ٣٤١٠ قوتابی دەرچوو دەبەخشێت. هەر بەم بۆنەیەوە جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاڕاستەی قوتابیانی دەرچووی خولی (٣٤)ی زانکۆی سەلاحەدین کردووە بڕیارە لە ئاهەنگەکە بخوێنرێتەوە.
شیاوی باسە زانکۆی سەلاحەدین لە کاتی دامەزراندنییەوە تا ئێستا زیاتر لە ٧٠ هەزار قوتابی وخوێندکاری لە خوێندنی بەکالۆریۆس پێگەیاندووە، هەروەها لە ٩٠ بەشی زانستی و ١٤ کۆلێژ پێکدێت، جگە لە زانکۆی هەولێری پزیشکی و زانکۆی سۆران هەموو زانکۆکانی دیکەی کوردستان لە منداڵدانی ئەو زانکۆیە لە دایک بوونە. ئێستا نزیکەی ٢٤ هەزار قوتابی بە کالۆریۆس و نزیکەی ٥٠٠ قوتابی ماستەرو زیاتر لە ٥٠ قوتابی دکتۆرا هەیەو ژمارەی مامۆستایانی گەیشتۆتە زیاتر لە دوو هەزار مامۆستا کە لە نێو ئەو ژمارەیەدا ٩٠ یان نازناوی پرۆفیسۆرو ٣٢١ نازناوی پرۆفیسۆری یاریدەدەرو ٥٣٥ نازناوی مامۆستا و ١٠٨٧ نازناوی مامۆستای یاریدەدەرە
بەروار :٢٠١٥/٦/٣٠