بە چاودێرى و ئامادەبوونی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، ئەحمەد کانی بەرپرسی لقی 2 پارتی دیموکراتی کوردستان و د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین و ژمارەیەک لە راگر و مامۆستا و توێژەرانی زانکۆناوخۆیى و نێودەوڵەتیەکان، یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاو و ووزە کە لەلایەن کۆلیژی ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەدین ئامادەکراوبوو، لە سەنتەری رۆشنبیریی زانکۆی سەلاحەدین بەڕێوەچوو.
لە وتارێکدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین ئەوەی دوپات کردەوە کە زانکۆ هەمیشە پێشەنگ دەبێت لە دەست بردن بۆ ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ئێستا وئایندەى هەرێمی کوردستانەوە لە تێکڕاى بوارەکانى ژیاندا،ئەمەشى بە ئەرکێکی زانستی و نیشتمانى زانکۆکان زانى بۆ پێشخستن و بە زانست کردنى ئەو پرۆسانەى پەیوەستن بە پەرەپێان و بە مەدەنى بوون و پێشخستنى پرۆسە جۆراو جۆرەکانى ژیانى خەڵکى کوردستانەوە هەیە .
دواتر لە ووتەیەکدا پارێزگاری هەولێر بە گرنگیەوە ئاماژەى بە گرنگى بابەتى کۆنفرانسەکە کرد بە تایبەت لە کاتێکدا کە یەکێک لە کێشە پێشبینی کراوەکان لە داهاتوودا پەیوەستە بە ئاو و ووزە.
لە بەشێکی دیکەى مەراسیمى کۆنفرانسەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا وتاری دەستپێکی فەرمی کۆنفرانسەکەی پێشکەش وتێیدا ئامانجەکانى سازکردنی ئەو کۆنفرانسەی خستەروو،کە بە هەنگاوێکی ستراتیژی گرنگى وەسف کرد بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان.لەم رووەشەوە ئامادەیی وەزارەتی خوێندنی باڵای دەربڕی بۆ هامەهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى ئەو بوارە.
هەروەها وەزیری خوێندنی باڵا دەستخۆشیەکی تایبەتی لە زانکۆی سەلاحەدین کرد کە لە ماوەی رابردوودا زنجیرەیەک کۆنفرانسی نێودەوڵەتی سازکردووە کە خزمەتێکی زۆری بە بواری زانستی کردووە لە هەرێمی کوردستاندا.
لە کۆتاییدا مەراسیمەکەشدا دکتۆر ئیبراهیم حەمەرەش راگری کۆلیژی ئەندازیاری لە ووتەیەکدا پرۆگرامی کۆنفرانسەکەی خستەرو کە ماوەى دوو رۆژى خایاند .
بەروار :٢٠١٧/٥/١٦