بە ئامادەبوونى پ.ی.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین چەندین چالاکى لەکۆلیژەکانى زانکۆى سەلاحەدین لەیادى ١١٧ساڵەى رۆژنامەگەرى کوردى سازکرا، ئەمەو سەرەتا لەکۆلیژى پەروەردە وەرزى رۆشنبیرى بەشى زمانى کوردى بەبۆنەى ئەو یاد سازکرا، تیایدا راگرى کۆلیژى پەروەردە و سەرۆکى بەشى زمانى کوردی وتاریان پێشکەشکرد و جەختیان لەبەردەوامى خەبات و داهێنان کردەوە لەهەموو بوارەکانى ئەدەبى و هونەرى و زانست و زانیارى بۆ زیاتر بەرز راگرتنى ئەو یادە، لەپاشاندا کردنەوەى پێشانگەیەک بۆ پۆستەرەکانى بابەتى گفتوگۆ زانستى قوتابیانی قۆناغى یەکەم سازکرا و قوتابیان لەنێوەندى پۆستەرەکانیان چەندین زانست و هێمایى رۆژى رۆژنامەگەرى کوردى خستبووە روو، لەمیانى ئەم وەزرە رۆشنبیرییەدا پ.د.کوردستان موکریانى) کۆڕێکى بەناونیشانى گۆڤارى هەتاو لە پێشخستنى زمانى کوردى پێشکەش کرد، هەروا لەکوڕێکى دیکەدا لەلایەن موحسین ئاوارەى شاعیر چەند دەقێکى شیعرى پێشکەش کرا، لەتەک ئەمانەشدا پ.د.هیمداد حسێن کوڕێک لەژێر ناوى رۆژنامەگەرى سەردەمى کۆمارى مەهاباد پێشکەشکرا، لەنێوەندى ئەو یادەشدا (م.مەجید خۆشناو) چەند پارچە میوزێکى ژەنى، لەدواتردا د.سالار عوسمان کوڕێکى بەناونیشانى زمان ئامرازە یان ئامانجە پێشکەشکرا.لەلایەکى دیکەوە لەبەشى راگەیاندنى کۆلیژى ئەدەبیاتى زانکۆى سەلاحەدین چەند چالاکییەک هاتە ئاراوە وەک نیشاندانى کارە رۆژنامەگەریەکانى قوتابی و وەک شارەزابوونێکیش چەند رۆژنامەیەکیان بەهەماهەنگى مامۆستایانی بەشەکەیان دەرکردبوو، ئەوە جگە لەوەى لەلایەن قوتابى سەلیل عیسام پێشانگەیەکى شێوەکارى سازکرا بوو و تیایدا رێڕەوى کۆلیژى بەچەندین تابلۆى شێوەکارى رازاندبۆوە، کە زیاتر تابلۆکان باسى لەجوانى و سروشتى کوردستان دەکرد، لەپاشاندا لەلایەن قوتابیانەوە فلیمێکى دیکۆمێنتارى سازکرا بوو لەهۆڵى کۆلیژى ئەدەبیات نیشان درا.هەرەوەها لەکۆلیژى زمانى زانکۆى سەلاحەدین پیشانگەیەکى وێنە فۆتۆگرافییەکان لەژێر ناوى هاوارى ئازادى، سازکرا و هەردوو قوتابى ئاکام شوانى و مەهیدى خالیدى وێنە فۆتۆگرافییەکانیان بە ئامێرى مۆبایل گرتبوو، ئەمەو پێشانگەکە زیاتر لە١٠٠ وێنەى فۆتۆگرافى بوو، کە زیاتر باس لەژیان و گوزەرانى کۆمەڵگەى کوردى و سروشتى کوردستانى نواند بوو.
بەروار :٢٠١٥/٤/٢٢