بە ئامادەبونی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و گشت ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی سەلاحەدین لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆ لە مەڕاسیمێکی شایستەدا لە کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی زانکۆی سەلاحەدیندا خەڵاتی رێزلێنان بەخشکرایە تازە پرۆفیسۆرەکانی زانکۆ. لە مەڕاسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی لە وتەیەکدا پیرۆزبایی لە پرۆفیسۆرە تازەکان کردو رۆڵی ئەو زانایانەی کوردی لە پسپۆڕییە جیاوازەکان بەرزنرخاند، ئەوەشی گوت کە وەک زانکۆی سەلاحەدین شانازی دەکەن بوونەتە بەردی بناغەی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەی پرۆفیسۆرەکانی زانکۆکەیان گەیشتۆتە ٩٠ پرۆفیسۆر کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی بێ وێنەیە.
شیاوی باسە زانکۆی سەلاحەدین لە ساڵی ١٩٨١ ەوە لە شاری هەولێر برەوی بە خوێندنی باڵاداوەو ساڵ بە ساڵ پێشەوەچونی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێت کە لە ئێستادا نزیکەی ٢٤ هەزار قوتابی بە کالۆریۆس و نزیکەی ٥٠٠ قوتابی ماستەرو زیاتر لە ٥٠ قوتابی دکتۆرا هەیەو ژمارەی مامۆستایانی گەیشتۆتە زیاتر لە دوو هەزار کە لە نێو ئەو ژمارەیەدا ٩٠ یان نازناوی پرۆفیسۆرو ٣٢١ نازناوی پرۆفیسۆری یاریدەدەرو ٥٣٥ نازناوی مامۆستا و ١٠٨٧ نازناوی مامۆستای یاریدەدەرە.
بەروار :٢٠١٥/٦/٣٠