د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین لە سەنتەرى توێژینەوەى زانستى زانکۆدا تاقیگەیەکى زانستى و هۆڵێکى سیمینارى کردەوە ، کە بە سپۆنسەرى کۆڕەک تیلیکۆم و دەزگاى خێرخوازى نانەکەلى ئەنجام درابوون .
لە کاتى کردنەوەى هەردوو تاقیگەو هۆڵەکەدا یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و د. هیوا یاسین بەڕێوەبەرى گشتى سەنتەرى تەکنەلۆژیا و ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایانى زانکۆ ئامادە بوون ، سەرۆکى زانکۆ سوپاسى هەردوو دەزگاى ناوبراوى کرد،بۆ پشتگیرى کردن و کۆمەکى کردنیان بۆ زانکۆو خزمەتکردنى زانست ، هەروەها هەڵویستى هەردوو دەزگاى بەرز نرخاند بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگا بە تایبەت لەو هەلو مەرجە تەنگەتاوە ئابوورییەى کە ئەمڕۆکە کوردستانى پێ رادەبورێ .
دواتر د. هیوا یاسین بەڕێوەبەرى گشتى سەنتەر شرۆڤەیەکى هەردوو پرۆژەى کرد و دەست نیشانى گرنگى پرۆژەکانى کرد لە رووى زانستییەوە ، ئینجا سوپاسگوزارى خۆى بۆ هەدوو دەزگاى سپۆنسەر راگەیاند بۆ دەست پێشخەرییەکانیان .
هەر بەم بۆنەیەوە سەرۆکى زانکۆ ئاڕمى زانکۆى سەلاحەدینى وەک دیارى پێشکەش بە نوێنەرانى هەدوو دەزگا کرد وەک رێز لێنانێک بۆئەو کارە نیشتمانیە بە پێزانەى پێش کەشى دەکەن لە بوارى پێشکەش کردنى خزمەتگوزارى بۆ زانکۆ.
بەروار :٣٠/١٠/٢٠١٦