لەسەر بانگهێشت کردنی زانکۆی (یوزونجیل) لە شارى وان لە وڵاتى تورکیا، شاندێکی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەشداری سیمپۆزیۆمی یەکەمی هەماهەنگی نێوان زانکۆکانی تورکیا و زانکۆکانى هەرێمی کوردستان کرد.
لە دەستپێکى سیمپیۆزیەمەکەدا والی شاری وان بەخێرهاتنێکی گەرمی شاندی هەرێمی کوردستانی کرد و ئاماژەى بە پەیوەندیەکانی وڵاتی تورکیا و هەرێمی کوردستان لە هەموو روویەکەوە کرد،پیرۆزبایی لە زانکۆکان کرد کە هەماهەنگی یەکتر دەکەن بۆ خزمەتی کەرتی خوێندنی باڵا کە سەکتەرێکی گرنگى زانستییە .
هەروا نوێنەری ئەنجومەنی خوێندنی باڵای تورکی (YOK) دەستخۆشی لە زانکۆکانی تورکیا کرد کە لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادەییان هەیە وپشتگیری خۆشی بۆ گەشەپێدانى ئەو پەیوەندییە زانستییانە دەربڕى.
دواتر د.ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە نوێنەرایەتی سەرجەم زانکۆکانى هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان 14 زانکۆ بوو وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا ئاماژەى بەپتەو بوونى پەیوەندییە ئەکادیمییەکانى زانکۆکانی کوردستان لە گەڵ زانکۆکانى تورکیا کرد و کورتەیەکیشی لەباری رەوشی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستاندا پێشکەش کرد،پاشان ئاماژەی بەو پەیوەندی و پرۆگرامانە کرد کە بۆ پیشخستنی زانست لە هەرێمی کوردستاندا بەرجەستەکراون بە تایبەتی لەبواری گەشەسەندنى پەیوەندییە زانستییەکان لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتیەکاندا،دواتر سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین گرنگی ئەنجامدانی ئەو چالاکیە زانستیانەی لەگەڵ زانکۆکانی تورکیا روون کردەوە بەو ئاراستەیەى کە لە بەرژەوەندی هەردوولادابێت.
ئینجا باسى لە رەوشی قوتابیانی هەرێم کرد لە تورکیا و پێشنیارى ئەوەى کرد کە پێویستە بە سیستەمێکی تۆکمەو ئەکادیمی زانستی لە رێگاى وەزارەت و زانکۆکانی چاودێری بکرێت.
هەر لە درێژەى وتەکەیدا د.ئەحمەد دزەیی گوتى : ئامادەبوونی نوێنەری ئەنجومەنی خوێندنی باڵای تورکی (YOK) گرنگی خۆی هەیە بۆ پاڵپشتی کردنی زانکۆکان و ئەنجامدانى پرۆگرامەکانیان لەگەڵ یەکتردا.
هەر لە چوارچیوەى ئەو بەشدارى بوونەدا سەرۆکی زانکۆکانی کوردستان و یاریدەدەران و راگرەکان و نوێنەران بەشداریان لەو پانیلانەدا کرد کە تایبەت بوون بە کێشەى قوتابیان و پەیوەندییەکان وپەرەسەندنی،بە چڕى تیشکییان خستە سەر چۆنیەتی بەرێوەچوونی سیستەمی خوێندنی باڵاو هەماهەنگی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆکانى تورکیا.
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەشدا دیاری زانکۆکان و زانکۆی سەلاحەدین پێشکەش بە والی شاری وان و نوێنەری ئەنجومەنی خوێندنی باڵای تورکی و سەرۆکی زانکۆکانی تورکیا کرا،بڕیاریش درا کەسیمپیۆزیۆمی دووەمى ساڵی داهاتوو لە شاری هەولێر بە میوانداری زانکۆی سەلاحەدین ئەنجام بدرێت و کۆمەڵەی هاورێیەتی زانکۆکانی تورکیا و هەرێمی کوردستانیش دابمەزرێ هەردوو سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین (د. ئەحمەد دزەیی) و سەرۆکی زانکۆی ئەرزەرومی تورکی (د.معەمەر یایلالی) یش بۆ سەرۆکایەتی ئەو کۆمەڵەیە هەڵبژێردران .
بەروار :٢٠١٧/٥/٢١